ئاگرەکەی تانجەرۆ کۆنترۆڵ کرا

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاگرەکەی ناوچەی تانجەرۆیان کۆنترۆڵ کرد. 

 ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانیان توانییان لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکەی ناوچەی تانجەرۆ کۆنترۆڵ بکەن و ئاگرەکە تەشەنەی زیاتری نەکرد. 

بە گوتەی ئارام عەلی، ئاگرەکە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی  تشرینی یەکەمی 2026، بەهۆی کارکردن لە بۆرییەک کەوتبووەوە، بەڵام خۆشبەختانە تیمەکانیان لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە و کۆنترۆڵیان کردبوو.

لەبارەی زیانەکانیشەوە، گوتەبێژی بەرگریی سلێمانی جەختی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و تەنیا تانکییەکی سووتەمەنی سووتاوە.  

ناوچەی تانجەرۆ دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانی و بە یەکێک لە ناوچە پیشەسازییە گەورەکانی شارەکە دادەنرێت. لەو ناوچەیەدا چەندین کۆگای سووتەمەنی، پاڵاوگە و کارگەی جیاواز هەن. بەهۆی کەمیی مەرجەکانی سەلامەتی و بوونی بڕێکی زۆر لە ماددە سووتێنەرەکان، زۆرجار رووداوی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە تانجەرۆ روودەدەن.

لە مانگی ئابی 2026ـدا، ئاگرێکی زۆر گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە هەمان ناوچە کەوتەوە. لەو رووداوەدا زیاتر لە 30 تانکەر سووتان، هەروەها نزیکەی 20 کەس برینداربوون.