دەوامی دەروازەی کێلێ درێژکرایەوە
بەپێی رێککەوتنێکی هاوبەش لە نێوان قایمقامی قەڵادزێ لە ئیدارەی راپەڕین و قایمقامی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کاتی دەوام و هاتوچۆ لەو دەروازەیەدا رۆژانە 4 کاتژمێر درێژ کرایەوە.
لە راگەیەندراوێکی دەروازەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەـی 2026، دەروازەی کێلێ لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا کات 6ـی ئێوارە پێشوازی لە گەشتیاران و هاووڵاتییان دەکات. پێشتر دەوامی فەرمیی دەروازەکە تەنیا تا کاتژمێر 2ـی نیوەڕۆ بوو.
دەروازەی کێلێ کە دەکەوێتە نێوان قەڵادزێ بە دووریی 17 کیلۆمەتر و سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دووریی 18 کیلۆمەتر، یەکێکە لە دەروازە گرنگ و پڕهاتوچۆکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران. دەروازەکە شانبەشانی دەروازە فەرمییەکانی دیکەی وەک باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان، رۆڵێکی بەرچاو لە ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دەبینێت.