هەر حەوت کاندیدەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆیان لەسەرە

ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکان
ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکان

حەوت کەس بۆ وەرگرتنی پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کاندیدن، هیچ یەکێکیان نەیانتوانیوە رەزامەندیی سەرجەم ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدەستبهێنن.

ئاژانسی "فرانس پرێس" لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە ئاشکرایکردووە، بۆ وەرگرتنی پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە هیچ کام لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆ لەسەر کاندیدەکە بەکارنەهێنن، بەڵام ئەو حەوت کاندیدەی ئێستا رکابەری دەکەن دەنگی هەموو ئەندامانیان بەدەستنەهێناوە.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکە، باسی لەوە کرد، هەر یەکێک لە کاندیدەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە ڤیتۆی لەسەرە، لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت کاندیدی نوێ بێتە پێشەوە.

لە 31ـی مانگی 12ـی ئەمساڵدا ماوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز وەکو سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا چوار ئافرەت و سێ پیاو خۆیان بۆ جێگرتنەوەی کاندیدکردووە، دیارترینیان رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە چەند قۆناخێکدا تێدەپەڕێت. سەرەتا ئەنجوومەنی ئاسایش چەند دەنگدانێکی نافەرمی بەڕێوەدەبات بۆ زانینی ئاستی پشتگیریی کاندیدەکان. بۆ ئەوەی کاندیدێک بە فەرمی راسپێردرێت بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێویستی بە لانی کەم نۆ دەنگی ئەرێنی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت هیچ یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش (ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا) ڤیتۆی لەسەر بەکاربهێنن.

لە دوایین دەنگدانی نافەرمیدا، بۆ یەکەمین جار کاغەزی رەنگ سوور بۆ دەنگی ئەندامە هەمیشەییەکان بەکارهێنراوە، دەرکەوتووە دیارترین کاندیدەکان، لەوانە رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و رێبێکا گرینسبان بەڕێوەبەری ئاژانسی بازرگانیی نەتەوەیەکگرتووەکان، رووبەڕووی لانی کەم یەک یان دوو ڤیتۆ بوونەتەوە. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای تەواوکردنی دوو خولی پێنج ساڵە، لە 31ـی مانگی 12ـی 2026 پۆستەکەی جێدەهێڵێت و بڕیارە سکرتێری نوێ لە 1ـی مانگی 1ـی 2027 دەستبەکاربێت.