ئێران بۆ ئەمریکا: بۆمبەکانتان بەرژەوەندییەکانتان دەکاتە ئامانج
وەزارەتی بەرگریی ئێران لە پەیامێکدا هۆشداری توند ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە هەڕەشەیەکی سەربازی پێگەی ئابووری و نێودەوڵەتیی واشنتن دەکاتە ئامانج.
مەجید رەزا، وەزیری بەرگریی ئێران بە وەکالەت، لە رێگەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای دایەوە. رەزا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: قەبارە و جۆری ئەو بۆمبانەی واشنتن باسیان لێوە دەکات گرنگ نین، چونکە لێکەوتەکانی هەر جەنگێک لە ناوخۆی ئەمریکادا رەنگ دەداتەوە.
ئەم پەیامەی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە کاردانەوەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە. ترەمپ لە لێدوانێکدا بێ ئەوەی بە وردی ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات، باسی لە گەورەترین بۆمب کرد کە بە دایکی بۆمبەکان ناسراوە.
رەزا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا گوتی: "ناو و رەهەندەکانی بۆمبەکان گرنگ نین." ئەو بەرپرسە هۆشداریشیدا کە بۆمبەکانی ئەمریکا لە شوێنێکی دیکە دەتەقنەوە، بەتایبەت لە پێگەی نێودەوڵەتی، ئابووریی ئەمریکا و تەنانەت لە هاوکێشەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا.
وەزیری بەرگریی ئێران بە وەکالەت لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختیدەکاتەوە سەر پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی وڵاتەکەی و نووسیویەتی: ئەمە توانای مووشەکیی ئێمەیە کە هاوکێشەکانی گۆڕیوە و ئێوەی گەیاندووەتە دۆخێک کە لە ئێستاوە دەبێت بڵێن: سڵاو قوربان.