ئەسعەد شەیبانی گەیشتە بەغدا

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و تاراوگەنشینانی سووریا گەیشتە بەغدا.

ئاژانسی هەواڵی سانا لەسەر زاری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوە و تاراوگەنشینانی سووریا  بڵاویکردەوە، ئەسعەد شەیبانی بەشداری لە 52مین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی دەکات.

کارەکانی ئەو خولە لە بەغدا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ، 17 و 18ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، کە تیایدا نوێنەری 55 وڵاتی ئەندام و چاودێر بەشدار دەبن.

حەسەنەین کامیل، گوتەبێژی کۆبوونەوەکان لە راگەیەندراوێکدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، کارەکانی ئەم خولە دوای گەیشتنی سەرجەم شاندە بەشداربووەکان بۆ بەغدا دەستیپێکردووە.

حەسەنەین کامیل پێشتر باسی تەواوبوونی ئامادەکارییە پێویستەکانی کردبوو بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوە وەزارییەکان لەلایەن بەغداوە. بڕیارە کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی یەکشەممە بە درووشمی "گفتوگۆ و هاوسۆزی، دوو پایەی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام" بەڕێوەبچن.

گوتەبێژەکە روونیکردەوە، ئامادەکارییەکان بە هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ ئەمیندارییەتی گشتیی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کراون. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی حکوومەت دا بووە بۆ دابینکردنی سەرجەم مەرجە رێکخراوەیی و لۆجستی و ئەمنییەکان بەمەبەستی فەراهەمکردنی دۆخێکی گونجاو بۆ سەرخستنی کارەکانی کۆبوونەوەکە.

شاندە بەشداربووەکان لە رۆژی پێنجشەممەوە گەیشتوونەتە بەغدا. بەشداریکردن لە کارەکانی ئەم خولە وێستگەیەکی گرنگە بۆ راوێژ و هەماهەنگیکردنی هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام سەبارەت بەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی جیهانی ئیسلامی دەبنەوە، هەروەها بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و کاری ئیسلامیی هاوبەش.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، میوانداریکردنی ئەم خولە لەلایەن بەغداوە لە سایەی ئاستەنگەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە هەنووکەییەکاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم میواندارییە پێویستیی بەهێزکردنی گفتوگۆ و تێگەیشتن و یەکخستنی هەوڵەکان لەخۆ دەگرێت، بە شێوازێک کە لەگەڵ درووشمی خولەکە و ئامانجەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لەپێناو پشتگیریکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامدا بگونجێت.