عەلی زەیدی: قبووڵکردنی جیاوازییەکان کلیلێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان

ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمی کردنەوەی خولی 52ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا رایگەیاند، بەغدا وەک لانکەی شارستانییەت، زانست، بیر و مێژوو دەرگاکانی بۆ براکانی لە جیهانی ئیسلامیدا کردووەتەوە.

عەلی زەیدی وێڕای پیرۆزبایی لە ئەمینداری گشتیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی گوتی: جیهانی ئیسلامی رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، ئەم دۆخەش توانای پێکەوەژیان و هاوتەریببوونی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری، کولتووری و میدیاییەکان تاقی دەکاتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "ئەو قەیرانانەی لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەیبینین، داوامان لێ دەکات کارکردنی هاوبەش زیاتر بکەین بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی گەلانمان، خزمەتکردنی دۆزەکانی ئوممەتەکەمان و مسۆگەرکردنی داهاتووی نەوەکانمان". زەیدی جەختیکردەوە، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی پایەیەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی برایەتی و سازان لەنێوان گەلاندا، بەو پێیەی ئیسلام وەک ئایین، کولتوور و شارستانییەت کۆیان دەکاتەوە.

زەیدی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی لەبارەی دۆزی فەڵەستین دووپات کردەوە و بە ناوکی ناکۆکییەکانی ناوچەکەی وەسف کرد. ئەو جەختیکردەوە، بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ گەلی فەڵەستین و مسۆگەرکردنی مافەکانیان، بنەمای ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە و رایگەیاند، عێراق تاوەکو ئێستاش بە دەست دەرهاویشتە ئابوورییەکانی ناکۆکییەکانی ناوچەکەوە دەناڵێنێت.

سەبارەت بە هەماهەنگییەکان، عەلی زەیدی پێی وایە قبووڵکردنی جیاوازییەکان کلیلێکی گرنگە بۆ لێکگەیشتن و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان. ئەو داوای ئازادیی بازرگانی، پاراستنی رێڕەوەکانی بازرگانی و مسۆگەرکردنی رەوتی گواستنەوەی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، عێراق دەستپێشخەرییەکی بۆ بەستنەوەی تەواوەتیی تۆڕەکانی وزە، هێڵەکانی ئاسنین، ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان، هەروەها پەرەپێدانی سیستەمەکانی پارەی دیجیتاڵی و سەکۆ بازرگانییەکان پێشکەش کرد،عەلی زەیدی ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییەی بە جێگیرکردنی ئاسایش و بەهێزکردنی توانای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە قەڵەم دا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی گونجاوترین سەکۆیە بۆ بانگەشەکردن بۆ میانڕەوی و لێبوردەیی. ئەو داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی کرد دژی رق و کینە و پشتیوانیکردنی ستەملێکراوان، جەختیکردەوە کە عێراقییەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا درێغی ناکەن.

لە گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی نوێ کردەوە و سوپاسی کۆماری ئیسلامیی پاکستانی کرد بۆ هەوڵەکانی لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە، هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا چڕتر بکەنەوە.