زەیدی گۆڕانکاری دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەنیازە گۆڕانکاری لە سێ وەزارەتی کابینەکەی بکات بەهۆی بوونی تێبینی لەسەر کارەکانیان، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای راوێژکردن بە لایەنە سیاسییەکان بڕیاری کۆتایی بدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان 24ـی راگەیاند، عەلی زەیدی، تێبینی لەسەر هەر یەک لە وەزارەتەکانی نەوت و پەروەردە و وەزارەتێکی دیکەی کابینەکەی هەیە و دەیەوێت وەزیرەکانیان بگۆڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە و چاوەڕوان دەکرێت دوای راوێژکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بڕیارەکە بدات.

لە 14ـی مانگی پێنجی ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە بەشێکی کابینەکەی عەلی زەیدی دا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان، بەشێک لە وەزیرەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا و پڕۆسەکە دواخرا. دوای نزیکەی پێنج مانگ و لە 15ـی ئۆکتۆبەر، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە ژمارەیەکی دیکە لە وەزیرەکان و سێ جێگری عەلی زەیدی دا، متمانەدان بە جێگرێک و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

گۆڕانکاری لە کابینەی حکوومەتی عێراق، یەکێکە لەو هەنگاوانەی بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. سیستەمی سیاسی لە عێراق لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی نێوان پێکهاتە و پارتە سیاسییەکان بونیاد نراوە، هەر لەبەر ئەوەش لادان یان گۆڕینی هەر وەزیرێک پێویستی بە رەزامەندیی ئەو لایەنە هەیە پۆستەکەی وەرگرتووە. 

لە رابردووشدا چەندین جار سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق هەوڵیانداوە گۆڕانکاری لە پۆستە وەزارییەکاندا بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام زۆرجار بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، هەنگاوەکان پەکخراون.