ئامانج رەحیم: ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ زامنکردنی پشکی کوردستان لە بودجەدا

د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، قۆناخی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027 و داواش دەکات پشکی هەرێمی کوردستان بە 14.14% جێگیر بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فەیسبووک"، بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەستپێبکەنەوە. 

هەروەها، ئاماژەی بەوە دا، پڕۆژەی یاسای بودجە هێشتا لە قۆناخی رەشنووسدایە و نەبووەتە پڕۆژەیاسای پەسەندکراو، رەشنووسەکەش کاتێک دەبێتە پڕۆژەیاسا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند بکرێت و بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ئەم قۆناخە ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە 14.14% و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکان.

سەبارەت بە گرنگیی ئەم قۆناخە، ئامانج رەحیم، باسی لەوە کرد، بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی 62ـی دەستووری عێراق، ماددەی 12ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە شەشی ساڵی 2019 و بڕگەی سێیەمی ماددەی 17ـی یاسای پەرلەمانی عێراق ژمارە 13ـی ساڵی 2018، دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراق لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنووردارە و تەنیا دەتوانێت گواستنەوە و کەمکردنەوە بکات، بۆ زیادکردنی خەرجییەکانیش تەنیا دەتوانێت پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکات نەک بڕیاربدات.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی بە پێویستی دەزانێت، پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە قۆناخی ئێستای رەشنووسکردندا یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناخەکانی دواتر دوانەخرێن، چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت.