سەرۆککۆماری ئێران: نەدەبوو موسڵمان شەڕی براکەی خۆی بکات

سەرۆککۆماری ئێران، رایدەگەیەنێت، ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن بگەنە ئەنجام گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانیدا دەکرێتەوە، بەڵام هەرگیز رێگە نادەن بۆ گواستنەوەی چەک بەکاربهێنرێت؛ هاوکات دیداری راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ رەتدەکاتەوە و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی خاک یان ئاسمانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردێت.

شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی جەنگ، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، ئاسایشی کەنداو و ناکۆکییە ناوچەییەکان خستەڕوو.

پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەستپێشخەری داخستنی رێڕەوە ئاوییەکانی نەکردووە، بەڵکو ئەمریکا و ئیسرائیل ناوچەکەیان بەرەو ئاگر بردووە. گوتیشی: سەدان ساڵە ئێران و عومان ئاسایشی ئەم رێڕەوە دەپارێزن. ئەگەر بە رێگەی دانوستان بگەنە چارەسەرێک، گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانیدا کراوە دەبێت، بەڵام هەرگیز قبووڵ ناکەین بکرێتەوە بۆ ئەوەی چەک و تەقەمەنی پێدا تێپەڕێنن و ناوچەکەمانی پێ بسووتێنن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پزیشکیان گوتی: بۆچی لەگەڵیدا کۆببینەوە؟ کاتێک رێککەوتنمان واژۆ کرد پابەندی نەبوون، ئایا بە کۆبوونەوە کێشەکە چارەسەر دەبێت؟ ئەوان فەرماندە، زانا و وەزیرەکانی ئێمەیان تیرۆر کردووە، ئایا ئێمە بە زەلیلی بچین بۆ گفتوگۆ؟ ئێمە دەمرین بەڵام سەر بۆ زەلیلی شۆڕ ناکەین. جەختیشی کردەوە، "ئەمریکا و ئیسرائیل تیرۆریستی راستەقینەی نێودەوڵەتین."

سەبارەت بە لێدانی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی دا، ئەمریکا لە نیویۆرکەوە نەهاتووە هێرش بکاتە سەرمان، بەڵکو لەو بنکانەوە پەلامارمان دەدات کە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدان. بەپێی ماددەی 3314ی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وڵاتێک خاک یان ئاسمانی خۆی بداتە دەوڵەتێکی دیکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی سێیەم، بە بەشدار لە دەستدرێژی دادەنرێت و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە.

پزیشکیان داوای تەبایی نێوان وڵاتانی موسڵمانی کرد و رایگەیاند کە پێویست ناکات پۆلیسی بیانی بێتە ناوچەکە. لەبارەی سعوودیەش گوتی: مەککە و مەدینە لە سعوودیەن و ناوەندی یەکگرتنی موسڵمانانن، پێویستە دەست لەناو دەست بنێین. ئێمە ئامادەین هاوکاریی سعوودیە و یەمەن بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان؛ نەدەبوو موسڵمان شەڕی براکەی خۆی بکات. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت وڵاتانی موسڵمان بەشەڕ بدەن تا نەوت و سامانەکانیان ببەن و چەکیان پێ بفرۆشنەوە.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە وتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی: ناتانیاهۆ لە بەرامبەر گەلی غەززەدا کە لە پێش چاوی خۆیەتی شکستی هێنا و نەیتوانی چۆکیان پێ دابدا، چۆن دەتوانێت دەسەڵاتی وڵاتێکی خاوەن 92 ملیۆن کەسی وەک ئێران بڕووخێنێت؟ پیلانی ئەوان ئەوە بوو بە دروستکردنی کێشەی ئابووری و سەربازی خەڵک رابپەڕێنن، بەڵام گەلی ئێران لە پێشوو زیاتر یەکگرتوون و رووبەڕوویان وەستاونەتەوە.

لە وەڵامی دەنگۆکان لەبارەی ناکۆکیی نێوان باڵی سیاسی و سەربازی یان نەخۆشکەوتنی رێبەری کۆماری ئیسلامی، پزیشکیان دووپاتی کردەوە، لە ماوەی رابردوودا دوو جار چاوم بە رێبەری باڵا کەوتووە؛ جارێکیان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و جاری دووەم زیاتر لە حەوت کاتژمێر و نیو بەردەوام بوو کە تێیدا هەموو پرسە چارەنووسسازەکانمان تاوتوێ کرد. لە ئێراندا هیچ دووبەرەکییەک نییە؛ رێبەری باڵا هێڵە گشتییەکان دادەنێت و ئێمەش جێبەجێی دەکەین.

پزیشکیان ستایشی پشتیوانییە سیاسی و ئابوورییەکانی هەردوو وڵاتی چین و رووسیای کرد و جەختی کردەوە، گەمارۆدانی ئێران مەحاڵە، چونکە تەنانەت ئەگەر رێگەی ئاسمانیش دابخرێت، رێگە وشکانییەکان لەگەڵ دراوسێکاندا کراوەن و تاران بەردەوام رێگەی نوێ بۆ دەربازبوون لە ئابڵۆقەکان دەدۆزێتەوە.