خۆپیشاندەران لە فەرەنسا هێرشیان کردە سەر شارەوانیی مارسیلیا و کەناڵەکانی پاریس

زیاتر لە 32 هەزار کەس خۆپیشاندانیان کرد و پۆلیس 160 کەسی دەستگیر کرد؛ لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا زیاتر لە 900 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون و ناڕەزایەتییەکان 600 خاڵیان گرتووتەوە، 45%ی خەڵکی فەرەنسا بەدەست هەڵئاوسانەوە دەناڵێنن و قەرزی گشتی گەیشتووەتە سەروی 120%ی بەرهەمی ناوخۆیی

شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا دژی گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەرەو گرژی و توندوتیژیی زیاتر هەڵکشا؛ خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بینای شارەوانیی مارسیلیا، هێرشیان کردە سەر بارەگای دوو کەناڵی میدیایی لە پاریس و ئاگریان لە فەرمانگەیەکی گەشتیاری لە لیۆن بەردا. لە بەرامبەردا پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوپڕژێن وەڵامی دایەوە و زیاتر لە 160 کەسی دەستگیر کرد.

خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارە گەورەکانی فەرەنسا بۆ رۆژی شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، گۆڕا بۆ پێکدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ناڕازییاندا. ئەم جموجووڵە نوێیە کە لەژێر دروشمی هاوبەشی "هێلەک زەردەکان و گەنجان" رێکخرابوو، توانی چین و توێژە جیاوازەکانی وەک مامۆستایان، خوێندکاران، کرێکاران، خانەنشینان و جووتیاران لە زیاتر لە 600 خاڵی وڵاتەکەدا کۆبکاتەوە.

لە پاریس، پۆلیس تۆپی ئاو و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا پاش ئەوەی سەدان خۆپیشاندەری دەمامکدار بە بەرد و یاریی ئاگرین رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە. لە رۆژئاوای پایتەخت، خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی هەردوو دامەزراوەی میدیایی ناسراوی فەرەنسا (CNews و رادیۆی Europe 1) و شووشەی پەنجەرەکانیان شکاندن. بەهۆی قەرەباڵخیی ناڕەزایەتییەکانەوە، زۆربەی وێستگەکانی میترۆ لە ناوەڕاستی پاریس داخران.

لە مارسیلیا، خۆپیشاندەران بە گوتنەوەی دروشمی "باستیل دەگرینەوە" (وەک ئاماژەیەک بۆ رووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789)، بە بەربەستی ئاسنین دەرگای بینای سەرەکیی شارەوانیی شارەکەیان شکاند و چوونە ژوورەوە، پێش ئەوەی هێزەکانی پۆلیس بڵاوەیان پێ بکەن؛ هەروەها هێرش کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارەکەدا.

لە لیۆن، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، لە گۆڕەپانی ناوەندی شارەکەدا کۆمەڵێک گەنجی دەمامکدار ئاگریان لە فەرمانگەیەکی کەرتی گەشتیاری بەردا و بە فیشەکی ئاگرین پەلاماری پۆلیسیان دا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بە فرانس پرێسی راگەیاند، پۆلیس زیاتر لە 160 خۆپیشاندەری لە سەرانسەری وڵاتدا دەستگیر کردووە کە نزیکەی 60 کەسیان لە پاریس بوون. هاوکات سێباستیان لێکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە 900 کارمەند و ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون. لە بەرامبەریشدا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی توند لە پۆلیس دەگرن بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی بێوێنە دژی نەوجەوانان، کە بووەتە هۆی برینداربوونی سەدان هاووڵاتی و بڕینەوەی دەستی مێرمنداڵێک بە نارنجۆکی پۆلیس.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەرەوەی پاریس 140 گردبوونەوە بە بەشداریی زیاتر لە 32 هەزار کەس ئەنجامدراون، وەزارەتی ناوخۆش باڵی چەپی توندڕەوی بە هاندانی توندوتیژییەکان تۆمەتبار کرد.

ئەم شەپۆلە گەورەیە دوای ئەوە هات کە بەپێی نوێترین راپرسییەکان، نزیکەی 45%ـی خەڵکی فەرەنسا بەدەست هەڵئاوسان و نەبوونی توانای کڕینەوە دەناڵێنن. بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا، تەنگژەکەی هێندەی تر قووڵتر کردووەتەوە. هاووڵاتییان دەڵێن: مووچەکانمان بەشی گوزەران ناکات و لەم وڵاتەدا خەریکە دەخنکێین.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ئیمانوێل ماکرۆن دەچێتە قۆناخی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی و وڵاتەکەی ڕووبەڕووی قەرزێکی گشتیی گەورە بووەتەوە کە پێشبینی دەکرێت بگاتە زیاتر لە 120%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی دوو هێندەی ستانداردی یەکێتیی ئەوروپا. هاوکات لایەنە سیاسییەکان ئەم قەیرانەیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی قۆستووەتەوە؛ ژان لوک میلانشۆن، سەرکردەی باڵی چەپ، پشتیوانیی خۆی بۆ ناڕەزایەتیی خوێندکاران و شەقام دەربڕیوە، لە بەرامبەردا مارین لوپێن، سەرکردەی راستڕەوەکان، پشتیوانیی تەواوی بۆ هێزەکانی پۆلیس دووپات کردووەتەوە.

ئەم جووڵە ناڕەزایەتییە لە مانگی رابردووەوە سەرەتا لە قوتابخانە ئامادەییەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی باکووری پاریسەوە سەریهەڵدا، کە تێیدا خوێندکاران ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە کەمیی مامۆستا و خراپیی باڵەخانەکان دەربڕی؛ بەڵام زۆر خێرا گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژی کەمیی مووچە، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، گرانیی بژێوی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی.