رۆژی چوارشەممە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە

رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، بە دروشمی "من کوردستانیم"، هەژدەیەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوەدەچێت؛ لەم خولەدا زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتی جیهانەوە بەشداری دەکەن و زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی جۆراوجۆر دەخەنە بەردەم خوێنەران.

پێشانگەکە لەلایەن دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر، بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نووسەران و ئەدیبانی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی پەخشکاران و نووسەرانی عێراق رێکدەخرێت. چالاکییەکانی ئەم خولە لە 21 تا 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە لە باڵەخانەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە نێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت.

بەرهەم و بڵاوکراوەکان بە چەندین زمانی زیندووی جیهانی، لەوانە: کوردی بە شێوەزارە جیاوازەکانی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، فارسی و تورکی پێشکەش دەکرێن، کە بوارەکانی ئەدەب، هزر، فەلسەفە، زانست و مەعریفەی مرۆیی لەخۆدەگرن؛ وەک دەرفەتێک بۆ ئارەزوومەندانی خوێندنەوە، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە داشکاندنی زیاتر لە 50% بۆ بەشێکی زۆر لە کتێب و بڵاوکراوەکانیان پێشکەش دەکەن، تاوەکو خوێنەران بتوانن بە نرخێکی گونجاو لە چاپە نوێیەکان بەهرەمەند بن.

دروشمی خولی 18ـەم لە روانگەیەکی قووڵی فەرهەنگییەوە سەرچاوەی گرتووە کە رێز لە شوناس و مێژووی گەلی کوردستان دەگرێت؛ شوناسێک کە بنەماکانی لە مێژوو، زمان، ئەدەب، کولتوور و هونەرەوە وەرگرتووە و هاوکات بەهاکانی پێکەوەژیان، فرەڕەنگی و کرانەوە بەڕووی جیهاندا بەرجەستە دەکات.

بە درێژایی رۆژانی پێشانگەکە، زنجیرەیەک کەمپەینی فەرهەنگی و پێشانگەی هونەری، فۆتۆگرافی و دەقی ئەدەبی بەڕێوەدەچن بۆ ئاشناکردنی زیاتری سەردانیکەران بە توخمە دەوڵەمەندەکانی کولتووری کوردی.

هاوکات، بەرنامەی ئەم خولەی پێشانگەکە زیاتر لە 90 چالاکیی هەمەجۆر لەخۆدەگرێت؛ لەوانە سازکردنی کۆڕی هزری و رەخنەیی، پانێڵی گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و بیرمەندانی کورد، عێراقی و بیانی، شانبەشانی چەندین ئاهەنگ و نمایشی مۆسیقی بە زمان و شێوازی جیاواز.