وۆڵستریت جۆرناڵ: حووسییەکان کەرەستەی مووشەک و درۆنیان لە چینەوە پێدەگات
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە، حووسییەکانی یەمەن کەرەستەی مووشەک و درۆنیان راستەوخۆ لە چینەوە پێدەگات.
شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، چەند زانیارییەکی هەواڵگریی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا شێوازی گەیشتنی چەک و مووشەک بۆ حووسییەکانی یەمەن ئاشکرا دەکات.
بە پێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت، پسۆڕانی سوپای پاسداران و فەرماندەکانی حزبوڵڵای لوبنانی هاوکاری حووسییەکان دەکەن لە پێکەوەبەستنی پارچەکانی مووشەک و درۆن و، هەروەها بەکارهێنانیان بەشێوەیەکی کاریگەرتر.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووتەڕوو، تەنانەت کاتێک کەشتیەکانی ئێران کرانە ئامانج، تاران لە رێگەی ژێردەرییەکانیەوە چەکی بۆ حووسییەکان ناردووە.
ئەو رۆژنامە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەی 10 ساڵە ئێران بە کەشتی هاوکاری سەربازی دەنێرێت بۆ حووسییەکان، بەمدواییانەش هاوکارییەکانی زیاتر کردووە؛ لەو رێگەیەوە پەیامێک بۆ دۆناڵد ترەمپ دەنێرێت بەوەی: لە رێگەی میلیشیاکانییەوە ئامادەی فراوانکردنی گرژییەکانە.
هاوکات، رۆژنامە ئەمریکییەکە سەرنجی خستووەتەسەر ئەوەی، حووسییەکان کەرەستەی دروستکردنی مووشەک و درۆنیان راستەوخۆ لە چینەوە پێدەگات.