وەزارەتی پێشمەرگە رێنماییی نوێ بۆ خۆپاراستن لە هەورەبروسکە لە سەنگەر و بارەگاکاندا بڵاودەکاتەوە

هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بارانبارینی بەلێزمە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێنماییی گرنگ و بەپەلەی بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی هەورەبروسکە ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، و داوا دەکات لە سەنگەرەکاندا بە تەواوی پابەندی بن.

شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، شانەی راگەیاندن و هۆشیاریی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە مەبەستی پاراستنی گیانی پێشمەرگە قارەمانەکان و رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو لە کاتی بارانبارین و نالەباریی کەشوهەوادا، پێویستە هێزەکان لە سەنگەر و بارەگاکاندا پابەندی ئەم رێکارانەی خوارەوە بن

لە ناوچە کراوەکان و سەر سەنگەرەکاندا

- پێویستە پێشمەرگە لە ناو سەنگەر یان شوێنی حەوانەوەدا بمێنێتەوە و لە گرد، تەپۆڵکە و ناوچە بەرزەکانی سەرەوەی سەنگەر دوور بکەوێتەوە.

- بە هیچ شێوەیەک لە کاتی هەورەبروسکەدا پەنا بۆ ژێر دارە بەرز و تاکەکان نەبردرێت.

- چەک، چەتر و هەموو کەلوپەلە ئاسن و کانزاییەکان لە جەستە دوور بخرێنەوە، هاوکات بەکارهێنانی مۆبایل بە تەواوی قەدەخەیە.

لە نێو سەنگەر و بارەگاکاندا

- دوورکەوتنەوە لە دەرگای ئاسن، پەنجەرە و ستوونە کانزاییەکان.

- بڕینی کارەبای سەرجەم ئامێرە کارەباییەکان و بارگاویکەرەوەکان (شاحینە).

- ئۆتۆمبێلی بێسەقف یان ئەوانەی سەقفیان ئاسنە و پەنجەرەکانیان بە تەواوی داخراوە، وەک شوێنێکی پارێزراو هەژمار دەکرێن.

لە کاتی گیرخواردن لە دەشتایی و شوێنی کراوەدا

- درێژبوون و پاڵکەوتن لەسەر زەوی هەڵەیەکی مەترسیدارە؛ لەبری ئەوە پێویستە سەر لەسەر ئەژنۆ دابنەوێنرێت، پاژنەی پێیەکان پێکەوە بنووسێنرێن و بە دەست گوێچکەکان بگیرێن.

یاسای زێڕینی (30 - 30)

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لە جێبەجێکردنی ئەم یاسا زانستییە دەکاتەوە:

1. ئەگەر ماوەی نێوان بینینی بروسکە و بیستنی دەنگەکەی لە 30 چرکە کەمتر بوو، دەبێت دەستبەجێ بچنە شوێنێکی پارێزراو.

2. دوای بیستنی دوایین دەنگی هەورەبروسکەش، دەبێت لانیکەم بۆ ماوەی 30 خولەک لە نێو شوێنی پارێزراودا بمێننەوە بەر لەوەی بێنە دەرەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکاتەوە جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانە لە سەنگەرەکاندا، دەبێت هەمیشە بە هەماهەنگی و لە چوارچێوەی فەرمانی فەرماندە سەربازییە مەیدانییەکاندا بێت.