پەیوەندییە بازرگانی و ئەمنییەکانی عێراق و تورکیا دەچنە قۆناخێکی نوێیەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، واژۆکردنی رێککەوتننامەی گشتگیر لە بواری ئاو، پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمنی و، دەستپێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تاوتوێ دەکەن.
شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان سڵاو و رێزی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە سەرۆکوەزیران گەیاند، هەروەها پیرۆزبایی لێ کرد بە بۆنەی تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکوومەتەکەی و وەرگرتنی سەرۆکایەتیی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە لایەن عێراقەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمەکانی تۆکمەکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کران، بە تایبەت لە کەرتی ئاودا، هاوکات جەخت لە کاراکردنی رێککەوتننامە و ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن کرایەوە کە لەم بوارەدا واژۆ کراون.
زەیدی دووپاتی کردەوە، عێراق پەرۆشە بۆ بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا بە چەشنێک ببێتە هاوبەشێکی ئابووریی گرنگ بۆی، هاوکات پێداگریی لەسەر گرنگیی واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر لە بواری ئاودا کردەوە شانبەشانی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان.
زەیدی داواشی لە کۆمپانیا تورکییەکان کرد لە رێگەی دەرفەتە زێڕین و بەردەستەکانەوە لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن، دڵنیاییشی دا کە حکوومەت هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەش دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی کارەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دۆسیەی ئەمنی خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کردەوە بۆ چارەرکردنی ژمارەیەک لەو پرسە ئەمنییانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەوە، لە پاڵ ئەوەشدا رێگەکانی فراوانکردنی هاوکاری لە کەرتی پیشەسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات، تاوتوێ کران.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پەرۆشیی وڵاتەکەی دا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاویکاریی دوولایەنە، جەختیشی لەسەر پێویستیی بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو کردەوە، بە تایبەت ئەو پرسانەی پەیوەستن بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییە ستراتیژییەکەی بۆ بەهێزکردنی تەواوکاریی ئابووری و بازرگانی و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و سەرجەم گەلانی ناوچەکە.