باڵیۆزی ئێران لە بەیژینگ: چین لە ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگدا گەورەترین پشکی دەبێت

باڵیۆز و نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران لە چین رایدەگەیەنێت کە بەیژینگ لەم جەنگەدا سەلماندی دۆستێکی راستەقینەی گەلی ئێرانە؛ هاوکات ئاشکرای دەکات لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، چین دەبێتە گەورەترین وڵات کە لە ئاوەدانکردنەوەی ئێراندا هاوکار دەبێت.

شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، باڵیۆز و نوێنەری سەرۆک کۆماری ئێران لە چین، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرنجی خستە سەر پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەیژینگ و هاوئاهەنگییەکانی هەردوو وڵات لە قۆناخی ئێستا و ئایندەدا.

رەحمانی فەزڵی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: چین لەم جەنگەدا سەلماندی کە دۆست و هاوڕێیەکی دڵسۆزی گەلی ئێرانە. چین هاوبەشی ستراتیژیی ئێمەیە، و هەردوو دەوڵەتیش بە دوای بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریدا دەگەڕێن لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیادا.

سەبارەت بە قۆناخی دوای جەنگ و دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی بووژانەوە لە وڵاتەکەشدا، باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوە: بە دڵنیاییەوە لە دوای جەنگ، چین دەبێتە گەورەترین دەوڵەت کە هاوکاریی ئێران دەکات لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەدا، هەروەها پێویستە گەورەترین پشکی کەرتی گەشتیاریش بۆ گەشتیارانی چینی تەرخان بکەین.

ئەم پەیامەی باڵیۆزی ئێران هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندێکی تایبەت بە ناونیشانی پەرەپێدانی هاوکارییە گەشتیارییەکانی ئێران و چین، کە تێیدا تاران هەوڵ دەدات لە رێگەی هاوبەشییە ئابووری و کولتوورییەکانی لەگەڵ بەیژینگ، ئاستەنگە ئابوورییەکانی سەردەمی جەنگ تێپەڕێنێت.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بە روونی هۆشداری پێدابوو کە هەر جۆرە پشتیوانییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بەیژینگ بۆ تاران بە تەواوی قبووڵنەکراوە، و داوای لێکردبوو دەستبەجێ هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی بۆ ئێران رابگرێت.

سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا هەڕەشەی کردووە هەر دەوڵەتێک چەک، تەقەمەنی، یان کەرەستەی سەربازی پێشکەشی تاران بکات یان مامەڵەی بازرگانی لەگەڵدا بکات، باجی گومرگیی لە نێوان 25% تا 50% بەسەر سەرجەم کاڵا هەناردەکراوەکانیدا بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دەسەپێنێت، کە ئەم هەڕەشەیەش راستەوخۆ ئاراستەی هەناردە گەورەکانی چین کراوە.

بەهۆی ئەوەی چین گەورەترین کڕیاری نەوتی خاوی ئێرانە و زیاتر لە 80%ی نەوتی ئەو وڵاتە دەکرێت، ئیدارەی ترەمپ چەندین تۆڕی کەشتیوانی و پاڵاوگەی سەربەخۆی چینی خستووەتە لیستی رەشی سزاکانەوە بەهۆی هاوکاریکردنی تاران لە دەربازبوون لە ئابڵۆقە دارایی و نەوتییەکاندا.