فوئاد حوسێن و فیدان پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
لە پەراوێزی کارەکانی 52ـەمین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، لە بەغدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ میوانداریکردنی خولی 52ـەمی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لەلایەن پایتەختی عێراقەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە دانیشتنەکەدا بە وردی تاوتوێی رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییە هاوبەشەکان کراوە، شانبەشانی هەڵسەنگاندنی نوێترین گۆڕانکاری و پێشهاتە هەرێمییەکان و ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، فوئاد حوسێن ستایشی هەوڵەکانی تورکیای کرد لە سەرۆکایەتیکردنی خولی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوەکە و رۆڵی ئەنقەرەی لە بەهێزکردنی کاری هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامیدا بەرز نرخاند.
هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی و چالاککردنی رۆڵی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە دیالۆگ، هەماهەنگی و هاوپشتی تەنیا رێگەی سەرەکین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری، هەروەها رایگەیاند، بەغدا کار دەکات بۆ گۆڕینی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بۆ هەنگاوی کرداری کە لە خزمەت بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکەدا بن.