قەیرانی دارایی هەڕەشە لە زانکۆ دێرینەکانی بەریتانیا دەکات

بەهۆی کەمبوونەوەی بودجەی حکوومەت، گرانبوونی تێچووی بەڕێوەبردن و پاشەکشەی ژمارەی خوێندکارانی بیانی، زانکۆ بەناوبانگ و دێرینەکانی بەریتانیا دووچاری تەنگژەیەکی قورسی دارایی بوونەتەوە؛ راپۆرتە فەرمییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەمساڵ 24 زانکۆ و پەیمانگە بەهۆی مایەپووچبوونەوە مەترسیی داخرانیان لەسەرە.

شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی بەڵگەنامەیەکی پەرلەمانی بەریتانیا کە لەلایەن دەستەی کاروباری خوێندکارانەوە ئامادە کراوە، لانیکەم 24 دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە ماوەی ئەمساڵدا رووبەڕووی مەترسیی داخران و دەرچوون لە بازاڕی خوێندن دەبنەوە، هاوکات 26 دامەزراوەی دیکەش لە چەند ساڵی داهاتوودا دووچاری هەمان چارەنووس دەبن؛ ئەمەش زانکۆکانی ناچار کردووە دەست بە کەمکردنەوەی هەلی کار، بڕینی بەشە ئەکادیمییەکان و تەنانەت تێکەڵبوون لەگەڵ یەکتریدا بکەن بۆ رێگریکردن لە مایەپووچبوون، وەک ئەوەی لە مانگی ئابی رابردوودا هەردوو زانکۆی گرینویچ و کێنت رایانگەیاند

لە رووی کێبڕکێی جیهانیشەوە، ئەم تەنگژەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی زانستیی وڵاتەکە دروست کردووە؛ بەپێی نوێترین داتاکان، ژمارەی ئەو زانکۆ بەریتانییانەی لە ریزبەندیی 200 باشترین زانکۆی جیهاندان، بۆ 25 زانکۆ دابەزیوە. لە لایەکی دیکەشەوە، بەخشینی دارایی حکوومەت بۆ ئەولەوییەتە ستراتیژییەکانی خوێندنی باڵا بە بڕی زیاتر لە 50 ملیۆن پاوەند کەمکراوەتەوە.

یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهاتی زانکۆکانی بەریتانیا، ئەو پارەیەیە کە خوێندکارانی نێودەوڵەتی و بیانی بۆ کرێی خوێندن دەیدەن. شارەزایان دەڵێن زانکۆکان هەمیشە ئەو داهاتەیان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجیی خوێندکارانی ناوخۆ بەکارهێناوە، بەڵام توندکردنەوەی رێکارەکانی پێدانی ڤیزا لەلایەن حکوومەتەوە لە چوارچێوەی سنووردارکردنی کۆچبەراندا، بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی گەورە لە خواست بۆ خوێندن لە بەریتانیا، ئەمەش داهاتی ناوەندەکانی خوێندنی تووشی شۆک کردووە و هاوکات زیانی بە کەرتەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕی ئەو شارانەش گەیاندووە کە پشت بە خوێندکاران دەبەستن.

ئەحمەد یاسین، پسپۆڕی ئابووریی سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تەنگژەیە بەرهەمی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانە لە دوای ساڵی 2008ەوە. هەروەها دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (برێکزیت) زیانێکی گەورەی لە پەیوەندی و بودجەی توێژینەوە زانستییە هاوبەشەکان دا کە پێشتر زانکۆکانی بەریتانیا لێی سوودمەند دەبوون.

یاسین هۆشداری دا کە درێژەکێشانی ئەم دۆخە، پێگەی کولتووری و زانستیی بەریتانیا لە جیهاندا لاواز دەکات، داواشی لە حکوومەتی لەندەن کرد چاو بە سیاسەتەکانی کۆچبەری و شێوازی تەمویلکردنی زانکۆکاندا بخشێنێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە داڕمانی ئەو کەرتەی کە بە یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکەکانی هێزی نەرمی شانشینی یەکگرتوو دادەنرێت.