دانا تەقیەدین: داوای ئازادکردنی سێ لە گیراوانی لالەزار دەکەین

پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی داوای ئازادکردنی مەرجدار (ئیفراج شەرتی) بۆ سێ تۆمەتبار پێشکەش بە دادگا دەکەن.

دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: سبەی یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، داوای ئازادکردنی مەرجدار (ئیفراج شەرتی) بۆ سێ تۆمەتبار، بە ناوەکانی رەمەزان، ئاراس و سەربەست، پێشکەش بە دادگا دەکەن.

هاوکات روونی کردەوە، بە پێی بڕیاری سزاکەیان، کە ساڵێک و شەش مانگە، ئەم سێ کەسە نزیکەی ساڵێک و دوو مانگیان لە ماوەی سزاکەیان تەواو کردووە. بە گوتەی ئەو، هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئازادکردنیاندا نییە.

ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر دادگا رەزامەندی لەسەر داواکە بدات، لە کۆی 12 کەسی دۆسییەی لالەزار، کە پەیوەندی بە ماددەی 56ـی یاساوە هەیە، تەنیا حەفت کەس دەمێننەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگاى تاوانەکانى دووى سلێمانى، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ هەر یەکە لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، رێبوار حامید حاجی غالب، رێبوار قودرەت، پێشەوا حەسەن، رێنوار زریان و  ئاراس حەمە عەلى سەربەست مینا دەرکرد. 

بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.

لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران، لەو کاتەوە لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.