راپۆرتێک: ئیمارات دەگەڕێتەوە نێو شەڕی یەمەن
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرای دەکات، ئیمارات و سعوودیە ناکۆکییە قووڵەکانی پێشوویان لەبارەی ئایندەی یەمەن وەلاناوە و گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان؛ بەپێی رێککەوتنەکە ئەبوزەبی تەمویلی هێزە زەمینییەکانی باشوور دەستپێدەکاتەوە و لە بەرامبەریشدا ریاز چەتری ئاسمانییان بۆ دابین دەکات.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان لە یەمەن، ئیمارات رەزامەندیی دەربڕیوە لە رێگەی دەستپێکردنەوەی پێدانی مووچە و هاوکاریی دارایی بە هێزەکانی حکوومەت (بە تایبەتی لیواکانی عەمالیقە) لە باشووری وڵات بگەڕێتەوە نێو هاوکێشەی شەڕی یەمەن. لە بەرامبەردا، سعوودیە پابەند بووە بە دابینکردنی پشتیوانیی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ ئەو هێزانە تا بتوانن لەسەر زەوی رووبەڕووی چەکدارانی حوسی ببنەوە.
ئەم هاوئاهەنگییە نوێیە وەک یەکەم ئاماژەی کرداری دادەنرێت بۆ ساڕێژکردنی ئەو درز و ناکۆکییە قووڵەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە لە نێوان سعوودیە و ئیماراتدا دروست ببوو، ئەویش دوای ئەوەی ئەبوزەبی لەو کاتەدا کشانەوەی خۆی لە یەمەن راگەیاند و تەمویلی هێزەکانی باشووری بڕی.
هۆکاری سەرەکیی ئەم رێککەوتنە نوێیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەردوو دەوڵەت کەوتوونەتە ژێر شۆکی پێشڕەوییە خێراکانی حووسییەکان، هاوکات خاکی سعوودیە رۆژانە بە مووشەک و درۆن دەکرێتە ئامانج و زیانی گەورە بە فڕۆکەخانە و کەرتی وزەکەی گەیشتووە.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ توندبوونەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەکانی باشوور؛ رۆژی هەینی دوو مووشەکی حوسییەکان کەوتنە نزیک فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە فڕۆکەخانەی عەدەن لە کاتی فڕینیدا بەبێ ئەوەی زیانی گیانیی هەبێت، کە ئەمەش دوای رۆژێک هات لە بۆردوومانکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی لە هەمان شار کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی 16ی دیکە.
هاوکات ئەنجوومەنی گواستنەوەی باشوور (STC) داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی کردووە بۆ جیابوونەوەی باشووری یەمەن و گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 1990. تا ئێستا نە ریاز و نە ئەبوزەبی وەڵامی ئەم داوایەیان نەداوەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە رەنگە رێگەدان بە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە ببێتە مەرجی چەکدارانی باشوور بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکانی دەرەوەی ناوچەکەی خۆیان.
لە ئاستی ناوچەکەدا، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە بۆ پێدانی دەسەڵات بە سوپا تا لە پێناو بەرگریکردن لە خاکی سعوودیە هەنگاو بنێت، جەختیشی کردەوە، سوپای میسر هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئەنجام نادات و ئەرکەکەی تەنیا پاراستنی سعوودیەیە. لە بەریتانیاش، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ پێدانی هاوکاریی سەربازیی زیاتر بە ریاز دوای ئەوەی لەندەن فڕۆکەیەکی سووتەمەنیبەخشی بۆ پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ناردووە.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەپۆلی نوێی شەڕ و پێکدادانەکان لە دوای مانگی ئابەوە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 200 هەزار کەس لە یەمەن، ئەمەش گوشارێکی مرۆیی و ئابووریی یەکجار قورسی خستووەتە سەر رێکخراوە فریاگوزارییەکان لە شاری عەدەن.