حەشدی شەعبی: تەقینەوەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکی بووە نەک بۆردوومان
دەستەی حەشدی شەعبی ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لەبارەی تەقینەوەکەی بارەگایەکی لە رۆژهەڵاتی بەغدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی ناوخۆییەوە بووە و هیچ بەڵگەیەک بۆ هێرشی دەرەکی لە ئارادا نییە؛ هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لێژنەیەکی بەپەلەی لێکۆڵینەوەی دەرکرد.
شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاویکردووەتەوە، دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تیمی بەڵگەکانی تاوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەو تەقینەوەیەی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لە نێو بارەگایەکی حەشد لە رۆژهەڵاتی نۆکەندی بەغدا (شەرقی قەنات) روویدا، لە ئەنجامی کێشەیەکی تەکنیکی ناوخۆیی بووە و هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە کە هێرش یان بۆردوومانی دەرەکی کرابێتە سەر بارەگاکە.
لە لایەکی دیکەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنیەتیی تەقینەوەی ئەو کۆگای تەقەمەنییەی حەشدی شەعبی.
فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە بە زووترین کات راپۆرتی ورد لەسەر رووداوەکە ئامادە بکرێت و سەرجەم رێوشوێنەکانی سەلامەتی بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی لە ئایندەدا رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی حەشدی شەعبی پێشتر رایگەیاندبوو تەقینەوەکە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی تەقەمەنیی کۆن و بەسەرچوو بووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، هەروەها لە ئاماری کۆتایی رووداوەکەشدا تەنیا پێنج ئەندامی هێزەکانیان بە سووکی بریندار بوون.