ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی لەجێگەدانان دەردەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری  بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی (لەجێگەدانان)ـی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانە پەسەند کرد کە بە گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون و دواتر بەهۆی خانەنشینی، کۆچی دوایی یان دەستلەکارکێشانەوە خزمەتیان کۆتایی هاتووە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا بە ژمارە (303)ـی کە لە رێکەوتی 16ـی  ئەیلوولی 2026، بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، بە فەرمی پڕۆسەی (لەجێگادانان)ی لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا کارا دەکاتەوە.

بە پێی نووسراوەکە، بڕیار دراوە بە بەگەڕخستنەوەی پڕۆسەی (لەجێگادانان) بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی کە بە شێوازە جیاجیاکانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی (پەروەردە، و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم دامەزراون و، دواتر بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆتایی بە خزمەتیان هاتووە. 

هەروەها پڕکردنەوەی شوێنی ئەم کەسانە بە کەسانی شایستە دەبێت لەسەر بنەمای، شایستەبوون و رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ ئەوانەی مەرجەکانی دامەزراندنیان تێدایە و، دابینکردنی شایستە داراییەکانیشیان لەسەر هەمان داهاتی ناوخۆ دەبێت.

هەر لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری رادەسپێدرێن کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی گشتی، ڕەشنووسی رێنمایی و رێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئامادە بکات و دواتر رەشنووسەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی.

دوای ئەنجامدانی پشکنین و وردبینیی پێویست لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، ناوی ئەو کەسانەی کە شایستە دەبن، رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەریان.

لای خۆیەوە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، روونکردنەوەی تەواوی سەبارەت بە پرۆسەی لەجێگادانان و پڕکردنەوەی میلاکە بەتاڵەکانی گرێبەست خستە روو.

بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی ئاشکرای کرد، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامەزراوەکانیدا، بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، یان دەستلەکارکێشانەوە لەسەر میلاکی گرێبەستی داهاتی ناوخۆ، بۆ دەستپێکی پرۆسەکە نزیکەی نزیکەی هەزار میلاکی فەرمی هەن کە شایستەی پڕکردنەوەن.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەوڵ دەدات بە شێوازێکی یەکسان و شەفاف ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات، جا چ لە رێگەی فۆڕمی ئۆنلاینەوە بێت یان فۆڕمی کاغەزی، گرنگ ئەوەیە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو کەسێک دەستەبەر بکرێت.

د. توانا نەجەف دووپاتی کردەوە، تەواوی پرۆسەکە بە هەماهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی راژە و وەزارەتی دارایی، بە ئاگاداریی دەستەی دەستپاکی بەڕێوە دەچێت، تاوەکو هەموو رێکارەکان لەوپەڕی دادپەروەری و شەفافییەتدا بن.