سەدان هەزار کەس لە فەرەنسا، ئیتاڵیا ئەلبانیا و بەلجیکا خۆپیشاندانیان کرد
شەپۆلێکی توندوتیژی بێوێنەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئەوروپای گرتەوە؛ لە پاریس و میلانۆ تا برۆکسل و تیرانا، سەدان هەزار هاووڵاتی دژی هەڵئاوسان، گرانیی بژێوی و پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکان هاتنە سەر شەقام. خۆپیشاندانەکان گرژیی قورسیان لێکەوتەوە و بەهۆی تاڵانکردنی فرۆشگەکان، ئاگرتێبەردانی باڵەخانەی شارەوانییەکان و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس، سەدان کەس بریندار بوون و هەزاران خۆپیشاندەریش دەستگیر کران.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026،چەندین پایتەخت و شاری گەورەی ئەوروپا بوونە گۆڕەپانی پێکدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ناڕازییاندا، کە بەشێکی زۆری ئەو گرژییانە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی توانای کڕینی هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی سووتەمەنی بوو لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا.

فەرەنسا؛ ئاگر، تاڵانکاری و دەستگیرکردنی 400 کەس
سەندیکای کرێکارانی فەرەنسا (CGT) رایگەیاند کە زیاتر لە 800 هەزار کەس لە زیاتر لە هەزار و 700 گردبوونەوەدا لە سەرانسەری وڵات بەشدار بوون، لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆ ژمارەکەی بە نزیکەی نیو ملیۆن کەس خەمڵاند 110 هەزاریان لە پاریس.
لە پاریس، مارسیلیا، لیل و نیس، سەدان گەنجی دەمامکدار پەلاماری فرۆشگاکانیان دا؛ لە مارسیلیا فرۆشگەی براندی بەناوبانگی هێرمس و چەندین زێڕنگەری تاڵان کران، لە لیل هێرش کرایە سەر فرۆشگەی ئەپڵ و لە پاریسیش شووشەی باڵەخانەی دوو کەناڵی میدیایی شکان و هێرش کرایە سەر تیمی رۆژنامەوانیی کەناڵی یۆرۆنیوز.
خۆپیشاندەران ئاگریان لە باڵەخانەی شارەوانیی شاری لیمۆژ بەردا، هەروەها هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانییەکانی مارسیلیا و لیل و فەرمانگەی گەشتیاریی لیۆن.
لە شاری سانت ئیتیان مێرمنداڵێکی دیکە بەهۆی نارنجۆکی دەنگەبەخشی پۆلیسەوە دەستی پەڕی. پۆلیس زیاتر لە 400 کەسی دەستگیر کرد و ئیمانوێل ماکرۆنیش بەڵێنی سزادانی توندی تێکدەرانی دا.

ئیتاڵیا؛ سەرهەڵدانی گرژی لە میلانۆ و بۆلۆنیا
زیاتر لە پێنج هەزار خۆپیشاندەر لە شاری میلانۆ لە بەردەم کاتێدرالای گەورەی شارەکە دۆمۆ رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە و شەقامەکانی ناوەندی شار داخران.
ناڕازییان بە بەرد و فیشەکی ئاگرین هێرشیان کردە سەر پۆلیس، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوپڕژێن وەڵامیان دانەوە و چەندین کەس لە دەوروبەری بازاڕی بەناوبانگی ڤیتۆریۆ ئیمانوێل بریندار بوون.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە توندی رووداوەکانی ئیدانە کرد و گوتی: خۆپیشاندان مافێکی دەستوورییە، بەڵام گۆڕینی شارەکانمان بۆ گۆڕەپانی جەنگ بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.

بەلجیکا؛ پشێوی لە برۆکسل و لیێژ
لە برۆکسلی پایتەخت و شاری لیێژ، خوێندکاران و گەنجان بەهۆی گرانیی تێچووی خوێندن و داڕمانی بژێوی رژانە سەر شەقامەکان؛ ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕێندرا و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس روویدا.
بێرنارد کینتین، وەزیری ناوخۆی بەلجیکا رایگەیاند: ئەوەی لە برۆکسل دەگوزەرێت چیتر خۆپیشاندانی ئاسایی نییە، بەڵکو توندوتیژییەکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگەکەمان و بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی دەبینەوە.

ئەلبانیا؛ فیشەکی لاستیکی و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران
بۆ پێنجەمین رۆژ لەسەریەک، پایتەختی ئەلبانیا شایەتی توندوتیژترین خۆپیشاندانی خوێندکاران بوو؛ پۆلیس بە فیشەکی لاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد، کە لە ئەنجامدا دوو پەیامنێری ئاژانسی رۆیتەرز و چەندین هاووڵاتی بریندار بوون.
خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی وڵات دەکەن بەهۆی گەندەڵی، گرانی و پڕۆژەیەکی گوماناوی 4 ملیار دۆلاری لە کەناراوەکان کە پەیوەندی بە جارید کۆشنەری زاوای ترەمپەوە هەیە. پۆلیسی ئەلبانیا رایگەیاند، زیاتر لە هەزار کەس لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستگیرکراون.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییە هاوکاتانە لە چەندین دەوڵەتی کیشوەرەکە، ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی قووڵی پێکهاتەیی لە ئەوروپادا، کە بەهۆی قەرزە گشتییەکان، هەڵئاوسانی دارایی و جەنگە نێودەوڵەتییەکانەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی سەختی ناسەقامگیری بووەتەوە.