نەجیب غەزبان: سووریا دوای 14 ساڵ لە ململانێ، قۆناخی تێکەڵکردنی هێزەکان و ئاوەدانکردنەوەی دەستپێکردووە
نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند کە تا ئێستا 1.6 ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە و بە زووی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر دەکرێتەوە، جەختیشی کردەوە کە مۆدێلی دەسەڵاتی خۆجێیی و دانپێدانان بە مافی پێکهاتەکان لە پێشینەی کارەکانیانە.
کوردستان24: زۆر بەخێربێن، ئایا ئەمە یەکەمین جارە دێنە هەولێر؟ هەرێمی کوردستانتان چۆن بینی؟
نەجیب غەزبان: نەخێر لە راستییەکەی ئەمە دووەمین جارە؛ ساڵی رابردووش هاتم، بەڵام دەرفەت نەڕەخسا کە بە شێوەیەکی گشتی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام دڵخۆشین بەوەی هەرێمی کوردستان توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر لێکەوتەکانی ئەو رووداوە زۆرانەی لە دەوروبەرماندا روودەدەن، ئەمەش بێگومان جێگەی دڵخۆشییە. ئێمە هەموومان هاوبەشین لە گرنگیپێدانی سەقامگیریدا، لە گرنگیی پاراستنی هاووڵاتییانماندا؛ بێگومان لە ماوەی رابردوودا هەندێک دەستدرێژی بۆ سەر چەند شوێنێک لە هەرێمی کوردستان روویاندا کە ئێمە لە سووریا سەرکۆنەمان کرد و لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە کە ئەم جەنگە بە خێرایی کۆتایی پێبێت.
کوردستان24: با بێینە سەر واقیعی سووریا؛ دەمەوێت بزانم ئێوە چۆن واقیعی سووریای ئەمڕۆ وەسف دەکەن؟ ئایا وڵات لە قۆناخی ململانێوە پێی ناوەیە قۆناخی بنیاتنانی دەوڵەت؟ یاخود هێشتا لەنێو ئاستەنگییە سیاسییەکاندا ماوەتەوە، چ ناوخۆیی بن یان دەرەکی؟
نەجیب غەزبان: بێگومان ئێمە پێمان ناوەتە قۆناخی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی دەوڵەت و هەندێک دەستکەوتیش هەن کە دەتوانین باسیان بکەین. یەکەم؛ لە پرسی ئەمنیدا، راستییەکەی ئاسایش بۆ دەوڵەتێک کە ماوەی 14 ساڵ لەنێو ململانێدا بووە، لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەمەش شتێکی زۆر ئەرێنییە. بنیاتنانی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی بە هەنگاوی باش و ئەرێنیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دوای پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لەنێو دامەزراوەی سەربازی و دەزگا ئەمنییەکاندا، کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورە و گرنگە. لەسەر ئاستی دەرەکیش، دەستکەوتی گەورە لە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە، هاوکات باشتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لەم چوارچێوەیەدا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق دەهێنمەوە یاد کە بەڕاستی سەردانێکی مێژوویی بوو و دەرگای هاوکاریی لە هەموو بوارەکاندا کردەوە: هاوکاریی ئەمنی، ئابووری، وەبەرهێنانی هاوبەش؛ ئەم یەکترناسینە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و ئاستی کەسیش، رەهەندێکی هێماداری هەیە و ئومێدەوارین کاری زیاتری لەسەر بکرێت. ئاستەنگی گەورەمان لە بەردەمدایە، لە پێشەنگی ئەو ئاستەنگانەش، ئاستەنگی ئابوورییە. ئێمە میراتگری دەوڵەتێکی داڕماو، ئابوورییەکی وێرانبوو، گەلێکی سووریی ئاوارەبوو لە ناوخۆ و دەرەوە و رێژەیەکی بەرزی هەژارین. کەواتە ئەم ئاستەنگە گەورەترین ئاستەنگی ئێستای بەردەممانە.
کوردستان24: باستان لە هەسەدە کرد؛ ئایا حکوومەتی سووریا وای دادەنێت کە دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوەتی یەکلا بووەتەوە؟ یاخود هێشتا هەندێک پرسی دیکەی جەوهەری ماون کە پێویستیان بە لێکتێگەیشتنی زیاترە؟
نەجیب غەزبان: ئەمە پرسێکی سەرەکییە، لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەم: یەکەم؛ پرۆسەکانی تێکەڵکردن کە ئەوەیان جێبەجێ کرا و ئێستا لە هەردوولاوە دەبیستین کە بە شێوازێکی زۆر ئەرێنی بەڕێوەدەچێت. خاڵی دووەم کە زۆر گرنگە، هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنەدا، دەرچوونی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بوو بۆ دانپێدانان بە پێکهاتەی کورد و مافەکانی و بەخشینی رەگەزنامە بە کوردانی بێبەشکراو کە ماوەیەکی زۆر بوو وەک پرسێکی هەڵپەسێردراو مابووەوە. لە باوەڕی مندا ئەم مەڕسوومە بە دانپێدانانی هەمووان مەرسوومێکی مێژووییە. بەڵام بێگومان جێبەجێکردنەکان پێویستیان بە کات هەیە، بۆ نموونە لە پرسی خوێندنی زمانی کوردی لەو شوێنانەی زۆرینەیان کوردن، هەروەها لە پرسی تێکەڵبوون لەسەر ئاستی هەندێک دامەزراوەی مەدەنیش، نەک تەنیا لە شوێنەکانی وەک حەسەکە و کۆبانێ، بەڵکو لەسەر ئاستی تەواوی سووریا. لە راستیدا ئەم پرۆسەیە هێشتا پێویستی بە هەوڵ و هاوکارییەکی زۆری هەردوولایە.
کوردستان24: ئایا کاری لەپێشینەی حکوومەتی ئێستای سووریا چەسپاندنی سەقامگیرییە؟ یان سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانە؟ یاخود وەرگرتنەوەی تەواوەتیی کۆنترۆڵی ئیدارییە بەسەر تەواوی خاکی سووریادا؟
نەجیب غەزبان: راستییەکەی هەموو ئەم پرسانە بە شێوەیەکی هاوتەریبن؛
کوردستان24: من هەمووم ئەمانەم لە یەک پرسیاردا کۆکردەوە
نەجیب غەزبان: بەڵی هەموویان بە رێڕەوی هاوتەریبدا دەڕۆن. وەرگرتنەوەی سەروەریی سووریا بۆ وڵاتەکە زۆر گرنگە، یەکخستنی تەواوی خاکی سووریا. خاڵی دیکەش بێگومان بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، ئەم پرۆسەیە سادە نییە، پێویستی بە کات و هەوڵ و توانای گەورە هەیە. لە هەمان کاتدا کاری لەپێشینەمان سووریایەکی سەقامگیرە، کە یەکێک لە مەرجەکانی ئاوەدانکردنەوەیە، یەکێک لە مەرجەکانیشی خستنەگەڕی کاروانی ئابوورییە بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار و نەهێشتنی هەژاری. ئامارەکانی پێش پرۆسەی رزگارکردن ئاماژە بەوە دەکەن کە 90%ـی گەلی سووریا لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، ئەمە ژمارەیەکی ئێجگار گەورەیە. کێشەیەکی دیکەشمان هەیە، ئەویش کێشەی ئاوارەبوون و پەنابەرییە؛ نیوەی گەلی سووریا یان ئاوارەی ناوخۆ بوون یان پەنابەر لە دەرەوە، بۆیە گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بۆ شوێنەکانیان زۆر گرنگە. بۆ نموونە دەستکەوتێکی باشمان بەدەستهێنا کە سەرباری سەختیی بارودۆخەکە بە دانپێدانانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە بۆ سووریا. ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەی ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە. ئێمە بە شێوازێکی هاوتەریب لەسەر هەموو ئەم رێڕەوانە دەڕۆین، ناکرێت هیچ دۆسیەیەک لەسەر حیسابی دۆسیەیەکی دیکە پشتگوێ بخرێت. بێگومان دۆخی دەرەکیش بەشێکی گرنگ بوو، بۆ نموونە ئەو سزایانەی بەسەر سووریادا سەپێنرابوون ئاستەنگێکی گەورە بوون لەبەردەم پرۆسەی راکێشانی وەبەرهێنەرانی دەرەکی و گەڕاندنەوەی سووریا بۆ نێو دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان، کە بەشێکە لە تێکەڵکردنەوەی سووریا لەناو ئابووریی جیهانیدا.
کوردستان24: پەیوەست بە دۆسیەی ئەو سوورییانەی کە لە هەرێمی کوردستانن؛ دەزانن لە کاتی شەڕەکانی داعشدا نزیکەی نیو ملیۆن سووری بوونە پەنابەر لە هەرێمی کوردستان. ئێوە دەستتان بە گەڕاندنەوەی سوورییەکان لە سەرانسەری جیهانەوە کردووە، ئایا لە لای ئێوە نیازی ئەوە هەیە کە سوورییەکان لە هەرێمی کوردستانیشەوە بگەڕێننەوە بۆ سووریا؟
نەجیب غەزبان: راستییەکەی لە رووی پرەنسیپەوە، ئێمە بۆ یەکەمجار وەک دەوڵەت لە کۆنفرانسی پەنابەران لە جنێڤ پابەندبوونی خۆمان بە گەڕاندنەوەی هەموو ئەو پەنابەرانە بۆ سووریا راگەیاند کە لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهانن. بەڵام ئێمە باسی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، گەڕانەوەی ئارام و گەڕانەوەی شەرەفمەندانە دەکەین. بە راشکاوی، زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێیان گوتین کە ئێمە دەمانەوێت تەنیا تاوانباران و ئەوانەی بێکارن بنێرینەوە؛ ئێمەش پێمان گوتن کێشە نییە دەکرێت قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین، بەڵام گرنگە ئێوە وەک وڵاتان هاوکارمان بن لە وەبەرهێنان لە ژێرخانێکی سەرەکیدا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکە، چونکە نامانەوێت بگەڕێنەوە و پاش ماوەیەک لە نێو سووریا راستەوخۆ ببنەوە بە ئاوارە. لەگەڵ ئەوەشدا بە دانپێدانانی کۆمیسیۆن دەستکەوتێکمان بەدەستهێنا کە زۆر ئەرێنی بوو، یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار ژمارەیەکی بەرزە. ئێمە پێشینەمان دابووە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کەمپی ئاوارەکان و دەمانویست لەگەڵ کۆتایی ئەمساڵدا خێوەت لە سووریا نەمێنێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ئەو سوورییانەی لە هەرێم و عێراقن، بێگومان ئەمە بۆ ئەوانیش دروستە، و پەیوەستە بە دۆخی خۆیانەوە؛ لەوانەیە ئەو پەنابەرانە گەڕابێتنەوە کە لە خراپترین دۆخدا بوون. لەوانەیە ئەمڕۆ ئەمە بارگرانییەکی گەورە بێت لەسەر شانی حکوومەت کە لانیکەم مەرجە سەرەکییەکان بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام و شایستە فەراهەم بکات، وەک ئاماژەمان پێدا: ئاسایش شتێکی ئەرێنییە، بەڵام لانیکەم هەندێک مەرج هەن، وەک ئەوەی ماڵی زۆرێک لەو خەڵکە وێران بووە، پێویستە هەندێک خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە رووی تەندروستی و پەروەردەییەوە بۆیان دابین بکرێت. بێگومان ئەم بابەتە بۆ ئێمە پێشینەیەکی باڵایە و بۆ هەمووان پێیەوە. پابەندین، بەوانەشەوە کە لێرەن.
کوردستان24: دەمەوێت وەڵامێکی روون و دروستم بۆ ئەم پرسیارە بدەیتەوە، هەرچەندە ئێوە دیپلۆماتکارن و دەزانم کە وەک سیاسەتمەدارێک قسە دەکەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا: حکوومەتی سووریا چۆن مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکانی گەلی سووریادا دەکات؟ دەزانن گەلی سووریا چەندان پێکهاتەی دیکەی تێدایە و تەنیا یەک پێکهاتە نییە، هەروەک چۆن لە عێراق و وڵاتانی دیکەدا. چۆن مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا دەکەن؟ ئایا بڕواتان بەوە هەیە کە حکوومەت، حکوومەتێکی مەرکەزی بێت، یان جۆرێک لە مافەکان، چ کولتووری بن یان کارگێڕی و هی دیکە، دەدرێنە پێکهاتەکان؟
نەجیب غەزبان: وەک جەنابت ئاماژەت پێدا، ئێمە تەنیا دەوڵەت نین کە فرەچەشنی و فرەڕەنگیمان تێدابێت؛ لەبەر ئەوە بڕوامان بە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز و دامەزراوەی بەهێز هەیە، هاوکات بڕوامان بە بەڕێوەبردنی فرەچەشنیش هەیە. ئەم فرەچەشنییە مۆدێلێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام بیرۆکەی دەسەڵاتی خۆجێیی کە هەموو پارێزگاکان بگرێتەخۆ و بەسەر هەموو پێکهاتەکاندا پەیڕەو بکرێت، بەشێکی مسۆگەرە لە دیدگای دەوڵەتی نوێی سووریا. بەڵام خاڵێکی سەرەکیش هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێبدەین و جەختی لەسەر بکەینەوە: سووریا ئەوەی تاقی نەکردووەتەوە کە مافی هاووڵاتیبوون بە مانای یەکسانی بە هەموو هاووڵاتییانی خۆی ببەخشێت وەک هەموو دەوڵەتانی جیهان؛ کەواتە پەیوەندیی هاووڵاتی لە رێگەی ناسنامەکەیەوە دیاری ناکرێت، واتا ئەوە ناسنامەکەی نییە کە پەیوەندیی ئەو لەگەڵ دەوڵەت دیاری دەکات، بەڵکو ماف و ئەرکەکان، یەکسانیی دەرفەتەکان، سەروەریی یاسا، ئەمانە پرسی بنەڕەتین. لە هەمان کاتدا، بێگومان پێکهاتەگەلێک هەن پێویستە دان بە تایبەتمەندییەکانیاندا بنێیت، و ئەمەش فاکتەرێکی ئەرێنییە؛ ئەگەر دان بەم فرەچەشنییەدا بنرێت، دەکرێت بگۆڕێت بۆ خاڵی بەهێز، واتە هیچ دژبەرییەک لەنێوان بەڕێوەبردنی فرەچەشنی و بوونی دامەزراوەی بەهێز لە هیچ وڵاتێکدا نییە. هەر لەبەر ئەوەشە من باسی مەرسوومی سەرۆکایەتیم کرد بۆ دانپێدانان، و ئومێدەوارین ئەمە وەربگێڕدرێتە سەر پرسێکی دەستووری و لە رووی زمان و کولتوور و ئەوانی دیکەشەوە ببێتە ماف. سەبارەت بە پێکهاتەکانی دیکەش، لە باوەڕی مندا دەسەڵاتی خۆجێیی کە خزمەتگوزاری و ئاسایش لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ هەموو پارێزگاکان دابین دەکات
کوردستان24: با باسی رۆڵی هەرێمی کوردستان بکەین؛ دەمەوێت بە راشکاوی بزانم ئێوە چۆن رۆڵی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی سووریادا هەڵدەسەنگێنن؟
نەجیب غەزبان: راستییەکەی روانینمان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان لە سووریا روانینێکی ئەرێنییە؛ هەرێم وەک ئاماژەمان پێدا لە ماوەی شەڕدا ڕۆڵی هەبوو لە میوانداریکردنی پەنابەراندا، و جەنابی کاک مەسعود و سەرکردایەتیی هەرێمیش زۆر جار رۆڵیان هەبووە لە هەوڵدان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو دیالۆگانەی بەڕێوەدەچوون و گەڕان بەدوای دەرچەیەکدا. ئێمە لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیمان هەبوو وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە ئۆپۆزسیۆن، کە لەلایەن هەرێمەوە پشتیوانی دەکرا. ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی جیاوازداین؛ وەک ئاماژەم پێدا سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بۆ سووریا ئەم پەیوەندییەی گواستەوە بۆ ئاستێکی دیکە و ئومێدەوارین ئەم پەیوەندییانە لە پەیوەندییەکی تەنیا سیاسیی باشەوە بگۆڕدرێن بۆ پەیوەندییەک کە رەنگدانەوەی لەسەر هەردوو گەلی هەرێمی کوردستان و سووریا هەبێت، لە بواری دەرفەتەکانی هاوکاریی ئابووری، هاوکاریی ئەمنی، بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆر؛ ئەمانە پرسی تەواو هاوبەشن و ئاسۆی پەیوەندییەکان زۆر فراوانە. لە روانگەی ئێمەوە دەبینین کە ئیرادەیەکی سیاسی لەلایەن سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی ئێمە لە سووریا هەیە بۆ برەودان بەم پەیوەندییانە بەرەو قۆناخی پێشکەوتووتر.
کوردستان24: مادام باسی پەیوەندییەکانمان کرد؛ وەک دەزانن لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 بۆ 40 هەزار سووری هەن... تا لە پێوانەکەمدا تەواو دروست بم؛ بڕیاری ئێوە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریا لە هەولێری پایتەخت چییە و چۆنە؟
نەجیب غەزبان: راستییەکەی راگەیاندنی کردنەوەی کونسوڵخانە لەنێو کارە لەپێشینەکاندا بوو؛ وەک دەزانن یەکێک لەو ئاڵنگارییەکان کە لەبەردەمماندا بوو کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان بوو بۆ ئەو رەوەندە سوورییەی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. پێدانی ئەم گرنگییە بە هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو شوێنانەدا بوو کە پێشینەیان پێدرا، لەبەر ئەوەی درکمان پێکردووە کە رەوەندێکی گرنگی سووری لێرە هەیە، هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ بازرگانان و خەڵکانی دیکە و بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆ و سەردانکردنیان بۆ سووریا. لە رووی بنەماوە بەپێی زانیارییەکانی من رێککەوتن کراوە و تەنیا هەندێک پرسی وردەکاری ماون بۆ دەستپێکردنی کار، ئەم کونسوڵخانەیە دەتوانێت رۆڵێکی زۆر ئەرێنی لەم پەیوەندییەی نێوان هەردوو گەلدا بگێڕێت و خزمەتگوزاریی هاوبەش پێشکەش بکات.
کوردستان24: باشە، چی لەبارەی دەروازەی سنووری؛ دەزانن تەنیا یەک دەروازە لەنێوان سووریا و هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئایا نیازی ئەوەتان هەیە ئەم دەروازەیە فراوان بکەن تا با بڵێین ببێتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی؟
نەجیب غەزبان: بەپێی زانیارییەکانی من بابەتی دەروازەکان لای ئێمە پرسێکی لەپێشینەیە، چونکە دەکرێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسان بکات؛ بۆ نموونە لە دەروازەکانمان لەگەڵ ئوردن ئێمە لە لایەنی سووریاوە زۆر فراوانمان کردووە، هەروەها لەگەڵ عێراقیشدا هەوڵ دەدەین هەمان شت بکەین. دیدگای ئێمە ئەوەیە کە وەک پێگەیەکی ستراتیژی و یەکێک لە خاڵە باش و گرنگەکان دەڕوانینە سووریا کە دەبێت سوودی لێ وەرگرین و ئەم هاوکارییە هەرێمی، بازرگانی و ئابوورییە ئەوەیە کە سەقامگیرییەکی هەرێمیی راستەقینە فەراهەم دەکات. کەواتە لەم روانگەیەوە ئێمە گرنگییەکی لەپێشینە دەدەینە پرسی دەروازەکان و بەدیاریکراویش سەرکردایەتی ئەم بڕوایەی هەیە، بۆیە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدا ئیرادەیەکی گەورە هەیە نەک تەنیا بۆ پەرەپێدانی، بەڵکو بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی بازرگانی و کەسەکان لەڕێگەی ئەو دەروازانەوە.
کوردستان24: با باسی دۆزی کورد بکەین؛ دەزانن دووەم گەورەترین پێکهاتە لە سووریا لە دوای عەرەب، پێکهاتەی کوردە. باشە چۆن دیمەشق بەڕێوەبردنی حەسەکە و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ئەوێ لەخۆدەگرێت؟ و چۆن گرێنتی ئەوە دەکەن کە پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی هاوبەش بێت لەنێوان عەرەب، کورد و پێکهاتەکانی دیکەدا، بەتایبەت لە حەسەکە و ناوچەکانی دیکەدا؟
نەجیب غەزبان: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەمە چەند ئاستێکی هەیە: ئاستی یەکەم ئەوەیە سەرجەم هاووڵاتییان لەم شوێنانەدا هاووڵاتیی سوورین و لە ماف و ئەرکەکانیاندا یەکسانن. خاڵی دووەم بریتییە لەو رێککەوتنە سیاسییانەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کراون، چونکە تایبەتمەندیی خۆی هەبوو و خاوەنی خۆبەڕێوەبەری بوو، بۆیە پێویست بوو ئەم رێککەوتنانە بکرێن. وەرچەرخانی سێیەم بریتییە لە پرسی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی هەندێک ناکۆکی و کێشە، بۆ نموونە جەنابتان باسی پرسی زمانتان کرد کە هەندێک گیروگرفتی لەسەرە. خاڵی داهاتووی داواکراو ئەوەیە کە هاوشانی دانپێدانان بەم مافانەی پێکهاتەی کورد، دەستەبەرکردنی گەرەنتییەکانە بۆ ئەوەی پێکەوەژیانێکی راستەقینە بێتە ئاراوە، ئەمەش لە ئەنجامی کۆتاییدا متمانە دروست دەکات. هەروەها لەم قۆناخەدا بە باوەڕی من زۆر گرنگە کە لەلایەن سەرجەم لایەنە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵ هەبێت بۆ سنووردارکردن و راگرتنی هەندێک رەوتی توندڕەو کە گوتاری رەگەزپەرستانە، مەزهەبی و توندڕەویی تایبەتیان تێدایە؛ لە راستیدا ئەم کارە هێز بەو هەوڵە چاکانە دەدات، کە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک دەدرێن کە هی سەرجەم سوورییەکان بێت، چ کورد بن، عەرەب، ئاشووری، کریستیان، موسڵمان، عەلەوی یاخود درووز. ئەمە واقیعی وڵاتەکەیە و بەڕێوەبردنی ئەم فرەچەشنییە یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئاڵنگاریانەی رووبەڕووی سووریای داهاتوو دەبێتەوە، بەڵام ئیرادەیەک هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بە شێوەیەکی ئەرێنی، ئەویش بە دانپێدانان و بە هاوبەشیپێکردن.
کوردستان24: لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا چەندان پێکهاتە هەن بەڵام ئەم کێشەیەیان چارەسەر کردووە؛ بۆ نموونە لە سویسرا، هەروەها ئەزموونی شانشینی یەکگرتوومان (بەریتانیا) هەیە. بە بڕوای ئێوە کام لەم نموونانە باشترین مۆدێلە کە گونجاو بێت بۆ سووریا وەک دەوڵەتێک کە پێکهاتەی دیکەی تێدایە؟
نەجیب غەزبان: باشترین شت ئەوەیە کە ئێمە مۆدێلێکی سووری بهێنینە کایەوە کە لەگەڵ سووریا بگونجێت؛ لەگەڵ پێکهاتە، داڕشتە و فرەچەشنیی سووریادا بگونجێت. ئەم فرەچەشنییە جوانە، سەرکەوتنەکەی لەوەدایە کە بیگۆڕیت بۆ یەکگرتوویی و هێز نەک بەپێچەوانەوە؛ وەک فاکتەری دابەشبوون، لێکترازان و ناکۆکی بیری لێ نەکەیتەوە. بە باوەڕی من بێگومان هەموو ئەم مۆدێلانە ئەزموونی مرۆیین و هەندێکیان سەرکەوتووترن، بەڵام ئێمە بەڕاستی پێویستمان بە گەشەپێدانی مۆدێلی خۆمانە کە لەگەڵ وڵاتەکەمان سووریادا بگونجێت.
کوردستان24: ئێمە ئەم ئەزموونەشمان لە عێراق هەیە کە هەرێمی کوردستانە.. ئایا ئەزموونێکی سەرکەوتووە؟
نەجیب غەزبان: میوان: بەڵێ بێگومان بۆ عێراق ئەزموونێکی سەرکەوتووە لەڕووی دیمۆگرافییەوە چڕبوونەوەی پێکهاتەی کورد لە ناوچەیەکدا وایکردووە کە بیرۆکەی فیدراڵیەت لۆژیکی بێت؛ بەڵام بۆ ئێمە لە سووریا، لەوانەیە بڵاوبوونەوەی پێکهاتەی کورد لە سەرتاسەری جوگرافیای سووریادا دۆخەکە کەمێک جیاواز بکات، هەر بۆیە دەکرێت شێوازێک لە دەسەڵاتی خۆجێیی و نامەرکەزییەت کە بەسەر هەموو جوگرافیای سووریادا جێبەجێ ببێت گونجاوتر بێت. بەڵام ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆ هەیە و دەبێت هەموو پێکهاتەکان بەشدار بن لە داڕشتنیدا.
کوردستان24: دەزانن کە ئەو پەنابەرە سوورییانەی لێرە بوون و تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستانن، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خوێندوویانە؛ ئایا دان بەو بڕوانامانەدا دەنێن کە لە هەرێمی کوردستان لە زانکۆ عێراقییەکاندا بەدەستهاتوون؟ یاخود لە سووریا ئەو بڕوانامانە قبووڵ دەکەن ئەگەر بگەڕێنەوە؟
نەجیب غەزبان: پێم وانییە هیچ کێشەیەک هەبێت، چونکە ئێمە لەگەڵ سەرجەم ئەو سوورییانەی لە زانکۆ جیاوازەکاندا خوێندوویانە ڕووبەڕووی ئەم پرسە دەبینەوە، چ لە زانکۆکانی تورکیا یان ئەڵمانیا بێت؛ بۆیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەک بۆ هاوتاکردنی بڕوانامەکان هەیە و ئاراستەیەک هەیە کە سەرجەم ئەو بڕوانامانە پەسەند بکرێن، بەتایبەتی لەو زانکۆیانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراون، کەواتە پێموانییە ئەمە ببێتە گرفت.