شارۆچکەنشینانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر شاندێکی دیپلۆماتکارانی ئەوروپا
کۆمەڵێک لە شارۆچکەنشینە دەمامکدارەکانی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا، هێرشیان کردە سەر شاندێکی دیپلۆماتکارانی ئەوروپا و پەلاماری سەرۆکی شارەوانییەکی فەرەنسایان دا کە بۆ هاوپشتی لەگەڵ جووتیارانی فەلەستینی بەشدارییان لە وەرزی رنینەوەی زەیتووندا دەکرد؛ ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بەلجیکا داوا دەکات سزای ئەوروپی بەسەر هێرشبەراندا بسەپێنرێت.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رووداوەکە لە نزیک گوندی مەسیحینشینی تەیبە لە کەناری رۆژئاوا روویداوە. ماکسیم پرێڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا ئاشکرای کرد کە شاندەکە کونسوڵی گشتیی بەلجیکا بۆ کاروباری فەلەستین، دیپلۆماتکارانی فەرەنسا و پۆڵەندا، نوێنەرانی کەنیسەی کاسۆلیک و بێرنارد بۆدۆ سەرۆکی شارەوانیی ئۆلنوە-ئایمەریسی فەرەنسای لەخۆگرتبوو، جەختیشی کردەوە جگە لە پەلاماردانی ئەندامانی شاندەکە، زیان بە ئۆتۆمبێلێکی دیپلۆماسیی بەلجیکاش گەیشتووە.
بێرنارد بۆدۆ، سەرۆکی شارەوانیی فەرەنسی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆیتەرز باسی لە ساتی پەلامارەکە کرد و گوتی: لە کاتی بەشداریکردنم لە ڕنینەوەی زەیتوون وەک هاوپشتییەک لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکە، لەلایەن شارۆچکەنشینە دەمامکدارەکانەوە بە توندوتیژی هێرشم کرایە سەر و کێشایانم بە زەویدا.
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: وەک دەسەڵاتێکی داگیرکەر، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل سەلامەتیی فەلەستینییەکان، دیپلۆماتکاران و رۆژنامەنووسان بپارێزن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بدەنە دادگا. دەبێت دیاردەی دەربازبوونی شارۆچکەنشینان لە سزا کۆتایی پێبێت. ئاشکراشی کرد بەلجیکا لە نێو یەکێتیی ئەوروپادا هەوڵ دەدات بۆ سەپاندنی سزای فەرمی بەسەر ئەو شارۆچکەنشینانەی دەستیان لە توندوتیژیدا هەیە و ئەوانەشی پشتیوانییان دەکەن.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەنداش هێرشەکەی سەر کاروانی دیپلۆماتکارانی بە تەواو قبووڵنەکراو ناوبرد.
ئەم هێرشە تەنیا 24 کاتژمێر دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی، دەیان شارۆچکەنشینی دەمامکدار لە هەمان ناوچە پەلاماری رۆژنامەنووس و هاووڵاتییانیان دا و بەو هۆیەوە خانمە وێنەگری ئەمریکی هایدی لێڤین لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بە سەختی لێیدرا و گەیەندرایە نەخۆشخانە.
لە ئیسرائیل، گیدعۆن ساعار، وەزیری دەرەوە سەرکۆنەی پەلامارەکەی کرد و ئەنجامدەرانی بە گێرەشێوێن ناوبرد، بەڵام لە هەمان کاتدا رەخنەی لە شاندە ئەوروپییەکە گرت بەوەی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل چوونەتە ئەو ناوچەیە. پۆلیسی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ دەستگیرکردنێک رانەگەیەندراوە.