محەممەد شوکری: پێشنیاز دەکەین قیستی پڕۆژەکان بکرێتە دینار
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کە پێشنیار ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن بۆ ئەوەی بە فەرمی سەرجەم کرێ و قیستەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە دۆلارەوە بکرێنە دیناری عێراقی، بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتییان لە لێکەوتەکانی ناسەقامگیریی نرخی دراو.
شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریی لە بەرنەمای باسی رۆژی کوردستان24ـدا، تیشکی خستە سەر دۆخی وەبەرهێنان، کەرتی پیشەسازی، دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.
بە دینارکردنی قیست و کرێی پڕۆژەکان
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پەیامێکی گرنگی لەبارەی کێشەی دۆلار و بارگرانیی سەر هاووڵاتییان راگەیاند و گوتی: پێمان وایە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێک دەربکات تا لە تەواوی هەرێمدا نەک تەنیا لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بەڵکو لە تەواوی سێکتەرەکاندا، سەرجەم مامەڵە داراییەکان، کرێ و قیستەکانی نێوان هاووڵاتییان و خاوەنکاران بکرێنە دیناری عێراقی
هاوکات ئاشکرای کرد، کە وەک دەستەی وەبەرهێنان ئەم پێشنیارە دەبەنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی، تا هاووڵاتییان کە مووچەکانیان بە دینارە چیدیکە باجی گرانبوونی دۆلار نەدەن و وەبەرهێنەرانیش لە هەڵگرتنی ئەم بارگرانییەدا هاوبەش بن.
گەشەی پیشەسازی و دروستکردنی 16 ناوچەی پیشەسازی
محەمەد شوکری گوتی: ستراتیژی سەرەکیی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، رێگریکردنە لە بەفیڕۆچوونی کەرەستەی خاوی ناوخۆیی و گۆڕینیەتی بۆ بەرهەمی پیشەسازی.
هاوکات دەڵێت: حکوومەت سەرقاڵی دامەزراندنی 16 ناوچەی پیشەسازییە لە سەرانسەری هەرێم بە مەبەستی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پارێزگاکاندا؛ لەوانەش پڕۆژەی گەورەی کارگەی چیمەنتۆ لە زاخۆ و هەولێر، پەرەپێدانی کارگەکانی شیش لە گەرمیان و سلێمانی و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی خۆراک لە دهۆک، هەڵەبجە، راپەڕین، سۆران، ئاکرێ و بەردەڕەش.
هەلی کار بۆ گەنجان و کەرتی کشتوکاڵ
د. محەمەد شوکری جەختی لەوە کردەوە، بە پێی رێنماییە فەرمییەکان، دەبێت لانی کەم 75%ـی هێزی کاری هەر پڕۆژەیەک لە هاووڵاتییانی ناوخۆ بن و، نموونەی بە کارگەی مۆبایلی زیرەک لە هەولێر هێنایەوە کە لە کۆی کرێکارەکان97% یان گەنجی کوردستانن.
باسی لەوەش کرد، سەرەڕای قەیرانەکان پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان رانەوەستاوە و لە رێگەی پڕۆژەکانیانەوە زیاتر لە 161 هەزار هەلی کاری نوێیان رەخساندووە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: لە دوو مانگی رابردوو 5 پێشانگای گەورەیان رێکخستووە و زیاتر لە 800 کۆمپانیای بیانی بەشداربوون.
لە کەرتی کشتوکاڵیشدا ئاماژەی بەوە دا، کە تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە لایەن کارگەکانەوە وەرگیراون.
مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون
سەبارەت بە نیگەرانیی هاووڵاتییان لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، د. محەمەد شوکری دووپاتی کردەوە، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، لیژنەیەکی باڵای وەزاری پێکهێنراوە و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ پڕۆژەی شاری مامۆستایان و سەرجەم پڕۆژەکانی دیکە.
دەشڵێت: زۆربەی کەموکوڕییەکانی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی پڕۆژەکان ئێستا چارە کراون و رێکاری توندیش بەرامبەر هەر کۆمپانیایەک دەگیرێتەبەر کە کەمترخەم بێت لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییاندا.