هێگسێت: واشنتن رێگە نادات رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان دابخرێن
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی بێپێشینە و توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: پێویستە ئێران بە خێرایی بڕیاری کۆتایی لە نێوان دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان رووبەڕووی وێرانکاری دەبێتەوە. جەختیشی کردەوە، واشنتن رێگە نادات وێرانکەرترین چەکی جیهان بکەوێتە دەست توندڕەوەکان.
یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە هۆشدارییەکی تونددا بۆ تاران رایگەیاند: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و واشنتن چیدیکە رێگە بە درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە نادەن و ئێمە ناتوانین لە جیهانێکدا بژین کە تێیدا کەسانی شێت و توندڕەو ببنە خاوەنی وێرانکەرترین چەک و بۆمبی ئەتۆمی لەسەر گۆی زەوی.
هێگسێت لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کاتی دیپلۆماسی بەرتەسک بووەتەوە و دەبێت ئێران بە خێرایی لە نێوان دوو بژاردەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت؛ یاخود دەستبەرداربوونی یەکجارەکی لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، یانیش رووبەڕووبوونەوەی وێرانکارییەکی سەربازیی سەرتاسەری.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تارانى تۆمەتبار کرد بە دابینکردنی دارایی و پڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، لە سەرووی هەمووشیانەوە حزبوڵڵای لوبنانی و چەکدارانی حووسی لە یەمەن؛ هاوکات پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی واشنتن بە هەموو هێزی خۆی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات و بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی بکرێنە ئامانج، یاخود رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان پەکیان بخرێت.
هێگسێت ئاماژەی بەوەش کرد، پاش ئەوەی حووسییەکانی یەمەن لە نزیکەوە زەبروزەنگی هێزی سەربازیی ئەمریکایان بینیوە، تووشی ترسی گەورە بوون و نەیانوێراوە پەلاماری کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای ناوەڕاستدا بدەن.
پیت هێگسێت سوپای ئەمریکای بە پارێزەری راستەقینەی ئاسایش و ئارامی لە سەرتاسەری جیهاندا پێناسە کرد و رایگەیاند: ئەگەر لەسەر ئەم زەوییە لایەنێک یان دامەزراوەیەک هەبێت کە شایستەی ئەوە بێت ساڵانە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ ببەخشرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە تەنیا سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.