لە هیندستان 19 کەس لەژێر دەست و پێ گیانیان لە دەستدا

بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمێکی ئایینی لە رۆژهەڵاتی هیندستان، 19 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سووڤێندهو ئادیکاری، سەرۆکوەزیرانی بەنگالی رۆژئاوا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لەنێو قوربانییەکاندا کچێکی تەمەن حەوت ساڵ هەیە و 25 کەسی دیکەش لە دەرەوەی هۆڵی فیستیڤاڵی "دورغا بۆجا" لە کۆلکاتا بریندار بوون. ئادیکاری روونیکردەوە، ناسنامەی شەش لە قوربانییەکان ئاشکرا کراوە.

بەرپرسێکی باڵای پۆلیس بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی راگەیاند، شەوی شەممە دوای دەستپێکردنی باران، بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک بووە هۆی شڵەژان، جەماوەرەکەی دەرەوەی هۆڵەکە بە پەلە دەستیان بە جووڵە کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی کەوتنە سەر زەوی و پاڵەپەستۆکە دروست بوو.

نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، لە پەیامێکی کورتدا لە فەیسبووک رایگەیاند، رووداوەکەی کۆلکاتا ئازاربەخشە. مودی هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانییان دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. مودی ئەوەشی خستە روو، حکوومەتی بەنگالی رۆژئاوا هەموو پشتگیرییەکی پێویست پێشکەش بە بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان دەکات.

سەرەتا ئادیکاری رایگەیاندبوو 17 کەس کوژراون، بەڵام دواتر ئاژانسی "پرێس تراست ئۆف ئیندیا" لە زاری ئادیکارییەوە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان بۆ 19 کەس بەرز بووەتەوە. هەمان ئاژانس ئاماژەی بەوە کرد، تەرمی نۆ لە قوربانییەکان رادەستی کەسوکاریان کراوە و پۆلیسیش دەستی بەسەر تۆمارەکانی کامێراکانی چاودێریی فیستیڤاڵەکەدا گرتووە.

رۆژنامەی "ئێندیان ئێکسپرێس" بڵاویکردەوە، گرتە ڤیدیۆییەکانی پێش رووداوەکە، قەرەباڵخییەکی زۆر لە دەروازەی هۆڵەکە نیشان دەدەن. ئەو ناوچەیە خاوەنی کۆڵان و رێڕەوی تەسکە و تەنیا رێگە بە ژمارەیەکی کەم کەس دەدات لە یەک کاتدا تێپەڕن.

لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی هیندستان، بەتایبەت لە بۆنە ئایینییەکاندا، بەهۆی خراپیی رێکخستن و کەموکوڕی لە رێکارەکانی سەلامەتیدا، رووداوی پاڵەپەستۆی کوشندە روو دەدات. ساڵی رابردوو، پاڵەپەستۆیەک لە فیستیڤاڵی ئایینیی "کۆمبە میللا" بووە هۆی کوژرانی 30 کەس و لە بەنگالۆرو لە کاتی ئاهەنگی بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی پرێمەری کریکێتی هیندستان، 11 هاندەر گیانیان لەدەستدا.

هەمان ساڵ، لە رووداوێکی پاڵەپەستۆ لە میانی کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەکتەرێک کە رووی لە کاری سیاسی کردبوو لە ویلایەتی تامیل نادوو، 36 کەس کوژران. ساڵی 2024، پاڵەپەستۆیەک لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئایینیی هیندۆسی لە ویلایەتی ئۆتار پرادێش، گیان لەدەستدانی 121 کەسی لێکەوتەوە.