جەی دی ڤانس: کۆچبەران هۆکاری ئاڵۆزییەکانی فەرەنسان

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سیاسەتی کۆچبەری و کەمتەرخەمی لە پرسی خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگە، بە هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی و پشێوییەکانی فەرەنسا لەقەڵەم دەدات و دۆخەکە وەک هۆشدارییەک بۆ دەنگدەرانی وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هاوپێچ لەگەڵ ڤیدیۆیەکی سووتانی بینای شارەوانیی شاری لیمۆژ لە فەرەنسا، رەخنەی توندی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و نووسیویەتی: "لیبڕاڵە رۆژئاواییەکان بە ناوی فرەچەشنی و بەزەییەوە، جیهانی سێیەمیان بۆ فەرەنسا و وڵاتانی دیکە هەناردە کرد و پرسی خۆگونجاندنیان پشتگوێ خست. پێیان گوترابوو دۆخەکە بەم ئاستە دەگات، بەڵام ئامادە نەبوون گوێ بگرن."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا گرژییەکانی فەرەنسای پەیوەست کرد بە ململانێی سیاسیی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە و رایگەیاند: "هیوادارم ئەمریکییەکان هوشیار بن، چونکە ئەم دۆخە ئەو داهاتووەیە کە دیموکراتەکان بۆ وڵاتەکەمان دەخوازن"، هاوکات هیوای خواست فەرەنسییەکان بتوانن کۆتایی بەم دۆخە بهێنن پێش ئەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانیان زیاتریان بسووتێن.

دوێنێ سەممە، شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان دژ بە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکان لە نێوان 550 بۆ 800 هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون.

خۆپیشاندانەکان لە چەندین شار توندوتیژییان لێکەوتەوە و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروستبوو؛ بەو هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس دەستگیر کران و 150 پۆلیسیش بریندار بوون. ئاڵۆزییەکان جگە لە سووتانی بینای شارەوانیی لیمۆژ، هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی نیوز" لە پاریس، تاڵانکردنی نیشتەجێگەی پارێزگار لە بۆردۆ و ئاگرتێبەردانی بیناکانی لە چەند شارێکی دیکە لێکەوتەوە.

لە بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکاندا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندوتیژییەکان، جەختی کردەوە رێگە بە تێکدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت نادرێت و "هیچ شوێنێک بۆ توندوتیژی لە وڵاتدا نییە."