روبیۆ: هەڵپەساردنی سزاکانی سەر رووسیا لەپێناو ئابووری جیهانە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی کاتیی سزاکان و باجی سەر رووسیا، مەبەست لێی پێدانی مۆڵەتی 60 رۆژە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو رێکارانە لەسەر ئابووریی جیهانی.

مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک دەیەوێت ئەو 60 رۆژە بەکاربهێنێت بۆ شیکردنەوەی ئەوەی سەپاندنی سزاکان و باجەکان چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ ئابووریی جیهانی و ئابووریی ئەمریکا". روبیۆ روونیکردەوە، سنووردارکردنە ئابوورییەکان ژمارەیەک وڵات دەگرێتەوە، نەک تەنیا رووسیا.

بە گوتەی روبیۆ، چەند ململانێیەکان کاریگەرییان لەسەر نرخی وزەی جیهانی هەیە، لەوانەش جەنگی ئەمریکا و ئێران و هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە.  ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ململانێیانە تێکەڵ بە یەکدی دەبن و کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت و گازوایل لە جیهاندا هەیە، بە هەمان شێوە کاریگەرییان لەسەر ئابوورییەکانیش دەبێت.

روبیۆ جەختیکردەوە، ئەو گازوایلەی پووتین دەیفرۆشێت، بە هەر شێوەیەک بێت دەگاتە بازاڕی جیهانی و جیاوازییەکە تەنیا لە قەبارەی ئەو بڕەیە کە ئەمریکا وەریدەگرێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرنگیی ئەو سووتەمەنییەی بۆ کەرتی گواستنەوەی وشکانی، کشتوکاڵ و بیناسازی لە ئەمریکا دووپاتکردەوە.

لای خۆیانەوە یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتەکە، رەخنەی توندیان لە ترەمپ گرت لەسەر بنەمای فەرمانێکی جێبەجێکار کە هەینی واژۆی کرد. بەگویرەی ئەو فەرمانە، رووسیا لەو سزایانە و باجە بەخشرا کە کۆنگرێس مانگی رابردوو پەسەندی کردبوو.

ئەو یاسایەی ترەمپ لە ناوەڕاستی ئەیلوولدا واژۆی کرد، کەرتی وزە و بەرگریی رووسیا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی باڵای دیکە، هەروەها ئەوەی بە کەشتیگەلی سێبەر ناسراوە لە کەشتی نەوتهەڵگری رووسیا کە بۆ خۆلادان لە سزاکانی رۆژئاوا بەکاردێن، دەکاتە ئامانج.

یاساکە دەسەڵاتی سەپاندنی باج تا 100%ـی بە ترەمپ دەبەخشت بەسەر کڕیارانی گەورەی نەوت و گازی رووسیادا، لەوانەش چین و هیندستان. سەرۆکی ئەمریکا تەنیا دوو رۆژ پێش ئەوەی یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاریدا رووسیا لە سنووردارکردنە ئابوورییەکان ببەخشێت.

تۆم تیلیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی کۆماری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ئەمە زیادەڕۆییە و لە سنووری نابەرپرسیارێتیدا نییە. تیلیس گوتیشی: "ئەگەر سەرۆک بە راستی دەیەوێت نرخی وزە دابەزێنێت، دەتوانێت ئەو کارە لە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەی ئێرانەوە بکات، نەک لە رێگەی پێشکەشکردنی خزمەتێک بە ڤلادیمیر پووتین". تێد کرووز، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی کۆماریش بڕیارەکەی بە هەڵە ناوبرد.

هەنگاوەکەی ترەمپ دوای رێککەوتنی لەگەڵ پووتین هات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازۆیلی رووسی، لە بەرامبەر سووککردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر مۆسکۆ. کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گازوایل کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە، دەستی بە کاریگەریدانان لەسەر ئابووریی ئەمریکا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە نیگەرانییەکان لەبارەی تێچووی ژیان، پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی داهاتوو لە مانگی داهاتوودا، لە پێشینەی بایەخی دەنگدەراندان.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی ئەمریکا سزای زیاتر لەسەر رووسیا هەڵبگرێت و پێیوایە هەنگاوەکەی ترەمپ پاداشتکردنی پووتینە.