هێلیکۆپتەرێکی سعوودیە کەوتە خوارەوە و دوو ئەفسەر گیانیان لەدەستدا
سعوودیە رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی وەزارەتی پاسەوانیی نیشتمانی لە ناوچەی نەجران کەوتووەتە خوارەوە و تێکشکاوە، بەهۆیەوە ستافی هێلیکۆپتەرەکە کە لە دوو ئەفسەر پێکهاتبوون، گیانیان لەدەستدا.
ئەمرۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی سعوودیە لە زاری تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە بڵاویکردەوە، هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری AH-6 بووە و بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لەناو خاکی سعوودیە کەوتووەتە خوارەوە.
تورکی مالیکی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسیان لەوەکردبوو هێلیکۆپتەرەکە لەلایەن حووسییەکانەوە خراوەتە خوارەوە، هەروەها تورکی مالیکی لە وەڵامی یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پلارتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "بانگەشەی خستنەخوارەوەی دەکەن، بەم نزیکانە دێتە گۆڕەپانەکە، شێوەکەیت لەبیر بێت، لەبیری مەکە".
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئاشکرایکرد، دوو مووشەکی حووسییەکانیان تێکشکاندووە کە ئاراستەی خەمیس موشەیتیان کردبوو. لەلایەکی دیکەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی ریاز تێکشکێنراوە.