لە سەقز فێستیڤاڵی ئەسپە رەسەنەکان کۆتاییهات

بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەک، زیاتر لە 100 ئەسپ و سوارچاک لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی ئێران، روویان لە چەمی سەقز کرد تاوەکو لە بەردەم 2 هەزار بینەردا، توانستی ئەسپی رەسەنی کورد نمایش بکەن.

ئەم فێستیڤاڵە تەنیا بۆ مەیدانی راکردن نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسەنگاندنی رەسەنایەتیی ئەسپەکان و فێرکردنی شێوازە زانستییەکانی پەروەردەکردنیان.

شەقامی نزیک چەمی سەقز، بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەک بووە مەیدانی کۆبوونەوەی بەنرخترین ئەسپەکانی ناوچەکە. کۆڕبەندی ئەسپسواری بە بەشداریی زیاتر لە 2 هەزار بینەر و هەواداری وەرزشی ئەسپسواری بۆ نیشاندانی تواناکانی ئەسپی رەسەنی کورد بەڕێوەچوو.

شنۆ حوسێنی، راهێنەری ئەسپسواری بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەخۆشحاڵییەوە یەکەم ئەسپی ئەم مەیدانە، ئەسپی فێرخوازەکەی من بوو. خەڵک پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد، هیوادارم لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم چالاکییە بەردەوام بێت و خەڵک زیاتر روو لە بواری ئەسپسواری بکەن".

شەپۆل مەجیدپوور، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە گوتی: "پێموایە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵانە کارێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی زیاتر بوار بە ئەسپی رەسەنی کوردی بدرێت. ئەگەر ئەم فێستیڤاڵانە بەردەوام بن، دڵنیام ئەسپی رەسەنی کوردی هەرگیز لەناو ناچێت".

کۆڕبەندەکە لەلایەن دەستەی ئەسپسواریی سەقز و بە هەماهەنگیی چالاکوانانی ئەم بوارە رێکخرا. تێیدا شارەزایان هەڵسەنگاندنیان بۆ رەسەنایەتی و جوانیی ئەسپە بەشداربووەکان کرد، لەگەڵ ئەنجامدانی خولی فێرکاری بۆ چۆنیەتیی پەروەردەکردنی ئەسپ بە شێوازێکی زانستی.

هاووڵاتییان پێیانوایە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەسپی رەسەنی کوردی زیاتر بناسرێت و هەوادارانی ئەم رەگەزە زیاد بکەن، تا ساڵ بە ساڵ ئەسپی زیاتر لە کێبڕکێکاندا بەشداری بکەن.

هێمن عەزیزی، دانیشتووی بۆکان گوتی: "توانیومانە بەم فێستیڤاڵانە ئەسپی رەسەنی کورد بپارێزین. هیوادارین بتوانین سەرنجی خەڵک بۆ لای ئەم بوارە رابکێشین، تاوەکو ئەسپ بکڕن و برەو بە کەرتی ئەسپسواری بدەین".

ئەسپی رەسەنی کورد بە یەکێک لە کۆنترین نەژادەکانی ناوچەی زاگرۆس دەناسرێت. ئەم ئەسپە خاوەنی سنگی فراوان، باڵایەکی مامناوەند و سمێکی زۆر قایمە کە بۆ شاخەوانی و بەردەڵان گونجاوە. بەشداربووان هیوادارن بەردەوامیی ئەم فێستیڤاڵانە ببێتە هۆی ئەوەی ئەم نەژادە دەگمەنە، بە فەرمی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمار بکرێت و وەک سەروەتێکی نەتەوەیی بپارێزرێت.