جەی دی ڤانس: تا ئێران دەستبەرداری ئەتۆم نەبێت جەنگ بەردەوام دەبێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە لەنێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی هەشت مانگە بەردەوامە شکستی هێناوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە واشنتن دەیەوێت پابەندبوونێکی کۆتایی لە تاران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی وەربگرێت.

ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوز رایگەیاند، هەوڵ دەدەین پابەندبوونێکی کۆتایی و جیددی لە ئێرانییەکان وەربگرین بۆ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دروست نەکەنەوە.

ڤانس پێیوایە کۆتاییهاتنی ململانێکان لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی سووتەمەنی لە جیهان و ئەمریکا.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رێگەی تێکشکاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستهێناوە. ڤانس جەختیکردەوە دەبێت جەنگەکە بەردەوام بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی تاران تواناکانی خۆی لەو بوارەدا دووبارە بونیاد نانێتەوە و بۆ رێگریکردن لە روودانی قەیرانێکی جیهانی لە دابینکردنی وزەدا، گوتی: "یەکەم کەس دەبم پێتان بڵێم نرخی سووتەمەنی زۆر بەرزە، بەڵام ئەگەر دەریاوانی ئەمریکا نەبووایە و نەیهێشتایە نەوت و غاز بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، نرخەکان سێ هێندە بەرزتر دەبوون."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر چەند جارێک دووپاتیکردبووەوە توانای ئەتۆمی و هێزی دەریایی و توانای سەربازیی ئێرانی تێکشکاندووە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ترەمپ رایگەیاند ئێستا هێرشکردنە سەر ئێران بەدوور دەزانێت و ئاشکرایکرد گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.

تا ئەو کاتەی هیچ کام لە لایەنە نێوەندگیرەکان، پاکستان یان قەتەر، هەواڵی نزیکبوونەوە لە رێککەوتنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە بڵاونەکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە گفتوگۆکان لە پشت پەردەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامن.

هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە حوزەیرانی رابردوو گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام لە تەممووزدا بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە. هێزەکانی ئەمریکا لە بەرامبەردا پێگەکانی ئێرانیان بۆردومان کرد و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێرانیان درێژە پێ دا، بەوەش رێگرییان لە هاتنە دەرەوە و چوونە ژوورەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کرد.