لە ئەمریکا دوو هاوسەری عێراقی بەتۆمەتی دزینی 12 ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەستگیر کران

پۆلیسی هیوستن رایگەیاند، پێنج کەس کە لە خێزانێکی سێ کەسی و دوو پیاوی دیکە پێکهاتوون، بە تۆمەتی تاوانی رێکخراو و دزینی زیاتر لە 12 ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەستگیرکراون.

پۆلیس بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، چوار تۆمەتبار کە تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە بەشدارییان لەو تاوانکارییە رێکخراوەدا کردووە، ئەوانیش بریتین لە: زیا سابت عەبد، تەمەن 41 ساڵ، ئیمان عەودە ساعدی، تەمەن 35 ساڵ کە لەناوچەی ‘کاتی’ نیشتەجێن و عێراقین، لەگەڵ سەیفەدین جبوری، تەمەن 30 ساڵ و ماتیۆ گۆنزالێز، تەمەن 29 ساڵ.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، زیا و ئیمان هاوسەری یەکترن و کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی زیاش لەو باندەدا بەشدار بووە و هەمان تۆمەتی ئاراستەکراوە، ئەو هاوسەرانە هەریەکەیان بە کەفالەتی 100 هەزار دۆلار و گۆنزالێزیش بە 50 هەزار دۆلار ئازادکراون.

پۆلیس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیویانە گروپەکە دەستگیر بکەن و 15 ئۆتۆمبێلی گرانبەها بە بەهای نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار بگەڕێننەوە، بەپێی تۆمارەکانی دادگا، باندەکە لە ئابی 2025 تا ئەیلوولی 2026 چالاک بوون.

شێوازی کاری گرووپەکە بەو جۆرە بووە، فەرمانەکانی گەیاندنی ئۆتۆمبێلیان هاککردووە یان خۆیان وەک گوێزەرەوەی ئۆتۆمبێل پێشانداوە تا ئۆتۆمبێلەکان بۆ شوێنی جیاواز بنێردرێن. پاشان ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ بەندەرەکان گواستووەتەوە بۆ ئەوەی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.

ئاماژەی بەوەش دا، ئۆتۆمبێلێکی مێرسیدس GLE63 مۆدێل 2025 بە بەهای زیاتر لە 266 هەزار دۆلار کە بڕیار بوو بگەیەنرێتە فلۆریدا، لەلایەن شۆفێری گەیاندنەکەوە بۆ شوینێکی دیکە لە هیوستن براوە. پاشان دەرکەوتووە ئیمان و کوڕە 17 ساڵانەکە پارەی گواستنەوەکەیان داوە و ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە.

پاش دەستگیرکردنی، گۆنزالێز دانی بەوەدا ناوە کە بۆ ماوەی چەند مانگێک لەگەڵ زیا و جبوری کاری کردووە. گۆنزالێز رایگەیاند، زیا سیستەمی شوێنهەڵگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی پەکخستووە و رێکیخستووە تا ئۆتۆمبێلەکان بۆ دوبەی بنێردرێن. گۆنزالێز گوتی "بۆ وەرگرتنی پارە سەردانی کۆمپانیاکەی ئیمانی کردووە و جارێکیش کوڕە 17 ساڵانەکەی زیا راستەوخۆ پارەی پێداوم تا ئۆتۆمبێلێکیان بۆ بدزم."

پۆلیس ناوی تۆمەتبارە 17 ساڵانەکە ئاشکرا ناکات و بەڵگەنامەکانی دادگاش پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە عەبوری دەستگیرکراوە یان نا.