کەشناسیی تورکیا هۆشداری دەداتە 31 پارێزگا

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و زریان ژمارەیەک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و کەشناسی هۆشداریی دەداتە 31 پارێزگا.

موراد کوروم، وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، دامودەزگاکان رێکاری پێویستیان بۆ رووبەرووبوونەوەی شەپۆلەکە گرتووەتەبەر؛ هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد بە وردی چاودێریی هۆشدارییەکانی کەشوهەوا بکەن بە مەبەستی پارێزراوبوون لە زیانەکان. 
هۆشدارییەکان سەرەڕای شارە مەزنەکانی وەک ئیستانبوڵ، بورسە و زۆنگولداغ، هاوکات ناوچەکانی باکووری کوردستان و ناوەڕاستی ئەنادۆڵیش دەگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی، لە باکووری کوردستان (بەتایبەت ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵات و دەڤەرە شاخاوییەکان) خێرایی با و رەشەبا لە نێوان 40 بۆ 80 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا. هەروەها بارانی بەلێزمە مەترسیی لافاو، رۆچوونی زەوی، ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.

هاوکات لە ناوچەی پێندیک لە ئیستانبوڵ، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەمی "گۆچبەیلێ"، لافاو ئۆتۆمبێلێکی بە سێ سەرنشینەوە برد. یەکێک لە سەرنشینەکان بە شکاندنی شوشەی ئۆتۆمبێلەکە و دەستگرتن بە لقی دارێکەوە خۆی رزگار کرد، بەڵام چارەنووسی دوو سەرنشینەکەی دیکە نادیارە و لێگەڕین بەدوایاندا بەردەوامە.

ئەم شەپۆلە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا لافاوێکی دیکەی بەهێز ئیستانبوڵ و دەوروبەری گرتەوە، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەست دا و زیانی زۆری دارایی بە خانوو، ئۆتۆمبێل و زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیشت. لە ئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لە ئامادەباشیی تەواودان.

تورکیا و ناوچەکە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەیی، بە بەردەوامی رووبەڕووی لێزمەبارانی بەخوڕ، گەردەلوول و لافاوی کتوپڕ دەبنەوە. شارە مەزنەکانی وەک ئیستانبوڵ بەهۆی فراوانبوونی خێرای بیناسازی، نەبوونی دەرچەی سروشتی بۆ ئاو و کەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی، زیاتر تووشی مەترسیی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە شەقامەکاندا دەبن. 

لە ساڵانی 2021 و 2023دا لە هەرێمی دەریای رەش و چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان، لافاو بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتی و زیانی سەدان ملیۆن دۆلاری بە ژێرخانی ئابووری گەیاند، ئەمەش وایکردووە کەشناسی بە سیستەمی هۆشداریی رەنگەکان (زەرد، پرتەقاڵی و سوور) پێشوەختە رێکاری خۆپارێزی بگرێتەبەر.