لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر 10 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا
لە شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر 10 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا، بەهۆیەوە کەسێک بریندار بوو و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوو.
ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر بەرەو ئاراستەی کەرکووک و مەخموور، لە نێوان 10 ئۆتۆمبێلدا رووی داوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکەوە ئاماژەی بەوە دا، قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر شەقامەکە دروست بووە و کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ بە مەبەستی نەهێشتنی ئاستەنگییەکە و رێکخستنەوەی رێڕەوی شۆفێران، گەیشتوونەتە شوێنەکە.
لەبارەی زیانە گیانییەکانیشەوە، پەیامنێری کوردستان24 لە زاری شایەدحاڵێکەوە ئەوەی خستەروو، تەنیا یەک کەس بە سووکی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر براوەتە نەخۆشخانە.
شەقامی 120 مەتریی خێرای هەولێر یەکێکە لە رێگە سەرەکی و پڕهاتوچۆکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان، چەندین ناوچە و دەروازەی گرنگی وەک رێگەکانی کەرکووک، مووسڵ، دهۆک و مەخموور بە یەکتر دەبەستێتەوە.