گەندەڵییەکی گەورە لە سایلۆی کەربەلا ئاشکرا کرا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵ رایگەیاند، تۆڕێکی ساختەکاری، دەستکاریکردن و وەرگرتنی بەرتیلیان لە پارێزگای کەربەلا دەستگیرکردووە کە 19 فەرمانبەری لەخۆگرتووە، ئاماژەی بەوەش داوە، لەو پڕۆسەیەدا رێگری لە بەهەدەردانی زیاتر لە 13 ملیار دیناری گشتی لە سایلۆی دانەوێڵەی پارێزگاکە کراوە.

ئەمرۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەربەلا سەردانی سایلۆی کەربەلایان کرد، بەمەبەستی بەدواداچوونی وردی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە بوونی دەستکاریکردنی گەنمی رەوانەکراو بۆ سایلۆکە.

لە راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستتپاکیدا هاتووە، تیمەکە پاش وردبینیکردنی بڕی گەنمی رەوانەکراو، بۆیان دەرکەوتووە بڕی وەرگیراوی گەنم لەو ئاستە زیاترە کە وەزارەتی کشتوکاڵ دیارییکردووە، ئەو بڕە بەپێی لیستێک وەرگیراوە کە رێگەی زیادکردنیان نەداوە، لە چوارچێوەی بەرهەمی وەرگیراو بە نرخی پاڵپشتیکراوی دەوڵەت، کە هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار دیارییکراوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، دوو فەرمانبەر بە تۆمەتی داواکردنی بەرتیل لە جووتیاران لە بەرامبەر زیادکردنی بڕی بەرهەمی رەوانەکراو دەستگیرکراون، لە هەندێک حاڵەتدا بڕەکە گەیشتووەتە 20 ئەوەندەی بڕی دیاریکراو، هاوکات دەستکاریکردنی بڕەکان لە نووسراوەکانی بەبازاڕکردن کراوە کە لە فەرمانگەی کشتوکاڵەوە ئاراستەی سایلۆکە کراون، جگە لەوەش، هەمان بڕی گەنم دووبارە لە سایلۆی کانزایی و سایلۆی کۆنکرێتیدا تۆمارکراوەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، فەرمانی بانگهێشتکردنی دادوەری بۆ بەڕێوەبەری سایلۆکە و 16 فەرمانبەری دیکە دەرچووە.

دەستەکە روونیکردەوە، بڕی ئەو گەنمەی لە رێگەی ساختەکاری و دەستکاریکردنی نووسراوەکانی بەبازاڕکردنەوە رەوانەکراوە گەیشتووەتە 17 هەزار و 782 تۆن، کۆی گشتیی ئەو پارەیەش کە رێگری لە بەهەدەردانی کراوە گەیشتووەتە 13 ملیار و 240 ملیۆن و 833 هەزار دینار.

دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بڕیاریداوە دوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی 289 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەربکرێن و فەرمانبەرەکانی دیکەش بە کەفالەت ئازادبکرێن. دەستەکە جەختدەکاتەوە، رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاو بەپێی یاسا بەرامبەر تۆمەتباران بدرێت.