سوپای ئیسرائیل رێگە بە چنینەوەی زەیتوون لە ناوچە سنوورییەکان دەدات

رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپا رێگەی بە دانیشتووانی گوندەکانی باشووری لوبنان و کرێکارانی سووری داوە لەو زەوییانەدا کاری چنینەوەی زەیتوون بکەن، کە دەکەونە ناوچەی ئارام و سەر بە هێڵی زەرد. ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێریی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەبێت.

پرۆسەی چنینەوەی زەیتوونەکە ناوچەی شێبعا لە رۆژهەڵاتەوە تا عەلمای شەعب لە رۆژئاوا دەگرێتەوە. ئەو گوندانە بەشێکی زۆریان مەسیحینشینن، هاوکات ناوچەی شێبعا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننەن، لەم پرۆسەیەدا بەشدار دەبن. دانیشتووان و کرێکارە سوورییەکانی سەر بە خاوەنکارە لوبنانییەکان، دوای هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل و وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست، رێگەی چوونەژوورەوەیان بۆ ئەو ناوچانە پێ دەدرێت.

سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، چوونەژوورەوەی بەشداربووان بەپێی پشکنین و وەرگرتنی مۆڵەت دەبێت. سوپا وردەکاریی رێکارەکانی پشکنینی ئەمنی یان ئەوەی ئایا پشکنینی تاکەکەسی بۆ رابردووی کرێکاران لەلایەن هەواڵگریی سەربازی ئامان یان دەزگای ئاسایشی گشتی شاباک-ەوە دەکرێت یان نا، روونی نەکردەوە. هەروەها سوپا وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە، کە ئایا ئەو هەنگاوە رەزامەندیی ئاستی سیاسیی بەدەستهێناوە.

رادیۆکە ئاماژەی بە ناتەبایی لەنێوان زانیارییەکان و وەڵامەکەی سوپادا کرد، چونکە سوپا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو پرۆسەکە تەنیا گوندە مەسیحینشینەکان دەگرێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پرۆسەکە ناوچەی شێبعا-ش لەخۆ دەگرێت.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێگەدان بە چنینەوەی زەیتوون بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنی و ئۆپەراسیۆنییەکانە. چاودێریی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەی بەشداربووان دەکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هێزەکان و دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل. گوتەبێژەکە جەختیکردەوە، سوپا بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کارەکان دەکات.