متمانە بە وەزیری نوێی بەرگریی ئێران درا
پەرلەمانی ئێران رەزامەندی لەسەر وەزیری نوێی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەربڕی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان بە مێهرداد ئەخلاقی کتێبچی وەک وەزیری نوێی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان، لە جێگەی عەزیز نەسرزادە، بەخشی.
ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا" لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لە کۆی 277 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 237 نوێنەر بە بەڵێ دەنگیان بە کاندیدی وەزارەتی بەرگری دا، لە بەرانبەر 15 دەنگی نەخێر. بەمەش ئەخلاقی توانی متمانەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە بەدەستبهێنێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان، مێهرداد ئەخلاقی وەک کاندیدی حکوومەت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان دیاری کردبوو.
مێهرداد ئەخلاقی کتێبچی لە دایکبووی ساڵی 1958ـی شاری رەشتە؛ بەردەوام خۆی لە چاوی میدیاکاندا و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان دوورگرتووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە وەک مێشکی جێبەجێکاری پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی و مووشەکی ئێران کاری کردووە.
پێچەوانەی وەزیرەکانی پێشووی بەرگری کە فەرماندەی باڵای سەربازی بوون، ئەخلاقی پاشخانێکی تەواو پسپۆڕیی هەیە و زۆربەی تەمەنی لەنێو پیشەسازییە مووشەکی و بەرگریی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریدا بەسەربردووە.
پێشتر سەرۆکی گرووپی پیشەسازیی مووشەکیی (شەهید باقری) بووە. لە ساڵی 2014دا کراوەتە بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی ئێران.
بەهۆی رۆڵی سەرەکیی لە پێشخستنی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران، بە گوێرەی بڕیارنامەی 1747ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2007ـەوە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە خراوەتە لیستی سزا دراوان .
کوژرانی وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران
عەزیز نەسرزادە، وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران، لە شەڕی 40 رۆژەی ئاداری ئەمساڵ، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشیی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.
نەسرزادە لە ئابی 2024 لە کابینەی مەسعوود پزشکیاندا وەک وەزیری بەرگری متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و تا کاتی کوژرانی لە ساڵی 2026 لەو پۆستەدا مایەوە.
ئەو، وەک کەسایەتییەکی توندڕەو و نزیک لە ناوەندە باڵاکانی دەسەڵاتی سەربازیی ئێران دەناسرا کە جەختی لەسەر پێشکەوتنی بەرگری و سیستەمی مووشەکی دەکردەوە. لە لێدوانە فەرمییەکانیدا چەندین جار جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردبووەوە.