موحسین رەزایی: هەڕەشەکان هیچ لە راستی گۆڕەپانەکە ناگۆڕن

موحسین رەزایی
موحسین رەزایی

موحسین رەزایی نوێنەری رێبەری ئێران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئاشکرای دەکات، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی پلانی نوێیان بۆ جەنگ ئامادەیە و هەڕەشە زۆروزەبەندەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش هیچ لە راستییەکانی گۆڕەپانەکە ناگۆڕێت.

موحسین رەزایی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی " خەیاڵ پڵاوی و هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەم دوایانەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل، راستییەکانی گۆڕەپانەکە ناگۆڕن".

هەر لە پەیامەکەیدا، بە هۆشدارییەک ئاماژە بە دەسپێکردنەوەی جەنگ و گۆڕانی تەکتیکی شەڕ دەدات و دەڵێت "بە هێزە چەکدارەکانی ئێران پلانی نوێ و وێرانکەریان بۆ هەر سەرکێشیەکی دیکەی هاوشێوەی جەنگەکانی 12 رۆژە و 40 رۆژە ئامادە کردووە. بەڵام پلانی نوێی ئۆپەراسیۆنی ئێران بەگوێرەی ئەو رێسا و بنەمایانەی ئەوان شارەزای بوون، نابێت".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان بە مێهرداد ئەخلاقی کتێبچی وەک وەزیری نوێی بەرگری ئێران بەخشی.

ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا" لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لە کۆی 277 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 237 نوێنەر بە بەڵێ دەنگیان بە کاندیدی وەزارەتی بەرگری دا، لە بەرانبەر 15 دەنگی نەخێر. بەمەش ئەخلاقی توانی متمانەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە بەدەستبهێنێت.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان، مێهرداد ئەخلاقی وەک کاندیدی حکوومەت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان دیاری کردبوو.

هەروەها بەم دواییانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەربازیی جدیی لە تاران کرد و رایگەیاند، کاتی گەیشتن بە بڕیاری یەکلاکەرەوە لە نێوان رێگەی دیپلۆماسی و تێکشکاندنی سەربازیدا زۆر نزیکەبۆتەوە.

جەختیکردەوە، ئێران لە ئێستا تەنیا دوو بژاردەی لە پێشە؛ یان دەبێت بە ناچاری بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و کۆتایی بە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و هەژموونی ناوچەیی بهێنێت، یان رووبەڕووی وەڵامێکی سەربازیی خێرا و وێرانکەر دەبێتەوە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر ژێرخانی سەربازیی و ئابووریی وڵاتەکە دەبێت.

راشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی توندترین سزای ئابووری بۆ سەر کەرتی وزە و داهاتی نەوتی ئێران تاوەکو کۆتایی بەو سیاستە ئەتۆمی و ناوچەیی ئەم وڵاتە بهێنێت.