رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: تائێستا حکوومەتی عێراق تاوانەکانی داعشی بە فەرمی نەناساندووە
دیندار زێباری: مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا لە بەردەوامیی نەناساندنی فەرمیی تاوانەکانی داعش لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لە سەرانسەری عێراق، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. زێباری جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەم دۆخەوە رووبەڕووی لێکەوتەی ئەمنیی مەترسیدار بووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە ساڵی 2014ـەوە، کاتێک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش، ئەو رێکخراوە جۆرەها تاوانی مرۆیی و جەنگی ئەنجامدا، وەک کوشتنی بەکۆمەڵ، کردەوەی تیرۆریستی و جینۆساید، لەپاڵ ئاوارەکردنی هەزاران خێزان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان".
زێباری روونیکردەوە، ئەو پێشێلکارییانە قەیرانێکی گەورەی دروستکردووە و پێویست بوو حکوومەتی عێراق لەبەرامبەریاندا دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێنێت بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، جگە لە دادگاییکردنی سەرکردەکانی داعش کە تێیدا تێوەگلاون.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەو ناوچانە، زێباری ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون، هێشتا ناجێگیرە و مەترسییەکی راستەقینەیە. رێژەیەکی زۆری دانیشتووانە رەسەنەکەی کە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، هاوکات ئەو ناوچانە بەدەست نەبوونی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بۆشاییەکی ئەمنیی بەرچاوەوە گرفتارن.
زێباری هۆشداریی دا لە مەترسیی جددیی گەڕانەوەی چالاکییەکانی داعش، بەتایبەت لەگەڵ کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. ئەم دۆخە مەترسییەکی راستەقینەی بەردەوامی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە.
سەبارەت بە شنگال، زێباری رایگەیاند، رێککەوتنێک بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵدا واژۆ کراوە بۆ ئەوەی ناوچەکە بکرێتە ناوچەیەکی یاسایی کە لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێت. واقیعەکە ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵی هێزێکی چەکداریی نەناسراو کە کاروباری ناوچەکە بەڕێوەدەبات و بڕیار لەلایەن لایەنی نادیارەوە دەردەکات.
زێباری گوتیشی، ناوچەکە بە بێ گۆڕانکاری ماوەتەوە، نە ئاوەدان کراوەتەوە و نە ئاوارەکانیش بۆ ماڵەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دیارترین ئەو لایەنانەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش قوربانیی داوە و هێزەکانی پێشمەرگە بە بوێرییەوە بەرگرییان لێکردووە. هەرێم ئەم دواییانە زۆرترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە سێبێری ململانێ هەرێمایەتییەکانەوە بەخۆوە بینیوە کە لە ناوچە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدراون و بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان لە کوردستان زیانی گیانی و ماددیی گەورەیان پێ بگات.
زێباری قسەکانی بەوە کۆتایی پێهێنا، سەرجەم ئەو بەرپرسیارێتییانە دەکەونە ئەستۆی حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر و وڵات و هاووڵاتییان و هەرێمی کوردستان لەو مەترسییە گەورانە بپارێزێت.