میسر: هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست پێشکەشی سعوودیە دەکەین

پێشوازی سیسی لە محەممەد بن سەلمان لە قاهیرە (ئەرشیف)
پێشوازی سیسی لە محەممەد بن سەلمان لە قاهیرە (ئەرشیف)

ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی میسر پشتیوانیی خۆی بۆ سعوودیە دووپاتکردەوە و بڕیاری دا، هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست پێشکەشی ئەو وڵاتە بکات بەرانبەر پەلامار و دەستدرێژییەکان.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر لە کۆشکی "ئیتیحادییە" سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی کرد.

 لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگری، سوپاسالار، وەزیرانی ناوخۆ، دارایی، دەرەوە، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی گشتی و فەرماندە باڵاکانی سوپای میسر ئامادە بوون.

محەممەد شناوی، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری میسر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گۆڕانکارییە مەترسیدارەکانی ناوچەکەی کرد، بەتایبەت ئەو پەلامارانەی دەکرێنە سەر خاکی سعوودیە، لەسەر ئەو بنەمایەش سێ بڕیاری سەرەکی پەسەند کران:

میسر پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ شانیشینی سعوودیە دووپات دەکاتەوە، ئەمەش لە سۆنگەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو گەل وەک دڵی جیهانی عەرەبی، هاوکات لەسەر ئەو باوەڕەی ئاسایشی نەتەوەیی سعوودیە راستەوخۆ بەندە بە ئاسایشی نەتەوەیی میسر و وڵاتانی عەرەبی.

 پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانیی پێویست بۆ شانیشینی سعوودیە تاوەکو بەرگری لە سەقامگیری، ئاسایش، خاکی وڵاتەکەی و پیرۆزییە ئیسلامییەکان بکات.

بەردەوامیدان و چڕکردنەوەی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی تەواوی ناوچەکە و چارەسەرکردنی تەنگژەکان بە شێوازی ئاشتییانە.

دوێنێ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست لە پێناو بەرگریکردن لە سعوودییە کردەوە و داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ساز بکات بە مەبەستی پێدانی دەسەڵات بۆ پاراستنی خاکی سعوودیە لە کاتی پێویستدا. 

سەرۆککۆماری میسر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، قاهیرە ئامادەیە هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستن و پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی بنێت.

میسر لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەیدا ئاسایشی ناوچەی کەنداو بەتایبەت سعوودییە بە هێڵی سوور و بەشێکی دانەبڕاو لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەژمار دەکات. بەپێی ماددەی 152ـی دەستووری میسر، سەرۆککۆمار وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان بۆ راگەیاندنی شەڕ یان ناردنی سوپا بۆ دەرەوەی وڵات، پێویستی بە بۆچوونی ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی و دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی دوو مانگە، شەڕی حووسییەکانی یەمەن لە دژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە هەڵگیرساوەتەوە؛ رۆژانە حووسییەکان بە درۆن و مووشەک، فڕۆکەخانە و دامەزراوەکانی وزەی سعوودیە دەکەنە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، دەیان هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش بریندار بوون.