400 هەزار داری دیکە لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەچێندرێن
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەچێتە قۆناخی دووەمەوە و تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 800 هەزار نەمامی دیکە لە دەوروبەری شارەکەدا دەچێندرێن.
ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر، رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی چاندنی درەخت لە بەشی یەکەمی ناوچەی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کۆتاییان پێهاتووە. بڕیار وایە رۆژی شەممە لە وەرزی چاندنی پاییزدا، 400 هەزار درەختی نوێ لەم بەشە ئامادەکراوەدا بنێژرێن.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، تا کۆتایی مانگی 12ـی ئەمساڵ، ژمارەی دارە نوێیەکان لەم ناوچەیەدا دەگاتە نزیکەی 800 هەزار نەمام، زۆربەی دارەکانیش زەیتوون دەبن.
دەربارەی بەرهەمی هەنگاوەکانی پێشوو، پەیامنێری کوردستان24 ئەوەی خستەروو، لە قۆناخی یەکەمدا لەسەر رووبەری نزیکەی 2500 دۆنم زەوی، نزیکەی 700 هەزار دار چێندراون. ئەو دارانە ئێستا گەشەیان کردووە، پێگەیشتوون و بەری زەیتوونیان گرتووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە سوودی ژینگەیی و ئابووریی گەورەی دەبێت. دارە چێندراوەکان دەبنە بنەمایەک بۆ پێشخستنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون و زەیتوونی خواردەمەنی. هاوکات جیا لە دار زەیتوون، بڕیارە چەندین جۆری دیکەی وەک دار فستق و دار پرتەقاڵ بەپێی کەشوهەوای ناوچەکە دابەش بکرێن و بنێژرێن.
پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە رووی ژینگە، ئابووری، کشتوکاڵ و گەشتیارییەوە پڕۆژەیەکی پڕبایەخە، هاوکات کاریگەریی باشی لەسەر ئاستی جیهانی بۆ پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
ئامانجی ئەم هەنگاوە دەورەدانی شاری هەولێرە بە پشتێنەیەکی دارستان بە پانیی دوو کیلۆمەتر و بە درێژایی نزیکەی 85 تا 92 کیلۆمەتر. بەپێی پلانەکە، بە هەشت قۆناخ حەوت ملیۆن نەمامی بەرهەمدار لە جۆرەکانی زەیتوون و فستق لە دەوروبەری شارەکەدا دەچێندرێن، هاوکات 10 پۆندی گەورەی ئاو بۆ گلدانەوە و دابینکردنی ئاوی دارەکان دروست دەکرێن.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە رێژەی سەوزایی لە هەولێر بۆ نزیکەی 25% بەرز دەکاتەوە، ساڵانە لەنێوان 140 هەزار بۆ 210 هەزار تۆن گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت، رێگری لە خۆڵبارین دەکات، پلەی گەرما دادەبەزێنێت و سەدان دەرفەتی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.