تەندروستی عێراق بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەرمان دابین دەکات

لە چوارچێوەی پلانی بەهێزکردنی ئاسایشی دەرمانیدا، وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی جیهانی، بڕی 101 ملیۆن دۆلار دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان دابین کردووە بۆ ئەوەی چارەسەرە سەرەکی و تایبەتمەندەکان بۆ هاووڵاتییان دابین ببن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی وەزارەت بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دەرمانی لەم قەیرانە داراییەدا، توانیوییەتی ئەو بڕە دەرمانە لە کۆمپانیا جیهانییەکان دابین بکات بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی دابینکردنی چارەسەرەکان بۆ هاووڵاتییان.

ئەم دەرمانانە پێکدێن لە چارەسەری تایبەتمەند وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، نەخۆشییە دەگمەنەکان، ئینسولین بۆ تووشبووانی شەکرە، ڤاکسینەکان، چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو و ماددەی پێویست بۆ تووشبووانی تێکچوونی مەیینی خوێن، کە ئەمانە چارەسەری گرنگن بۆ دابینکردنی پێداویستیی تەندروستیی چینێکی فراوانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی باری سەر شانی نەخۆشەکان و خێزانەکانیان لەم بارودۆخەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەشێکی ئەو دەرمانانە گەیەندراونەتە کۆگاکانی وەزارەتی تەندروستی و رێکارەکان بۆ گواستنەوەی بڕەکانی دیکە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوامن. ئەم دەستکەوتە رێچکەی وەزارەت لە کردنەوەی دەرگای نوێ بۆ هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی دەردەخات، کە بووەتە هۆی کاردانەوەیەکی ئەرێنیی ئەو کۆمپانیایانە و بەهێزکردنی ئارەزوویان بۆ کارکردن لە عێراق و زیادکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتی دەرمانیدا.