عێراق و بەنگلادیش دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

لە پەراوێزی کارەکانی خولی 52ـەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا بەنگلادیشییەکەی کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری هەڵگرتنی ڤیزای دیپلۆماسی و دامەزراندنی میکانیزمی راوێژی سیاسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کران.

یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند کە لە شاری بەغدا پێشوازی لە هومایۆن کەبیر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی کۆماری میللیی بەنگلادیش کردووە.

بەگوێرەی پەیامەکە، لە دیدارەکەدا، هەردوولا تاوتوێی رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و داکایان لە بوارە جیاوازەکاندا کرد، هاوکات جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و راوێژی هاوبەش لەبارەی پرسە گرنگەکانی جێی بایەخی هەردوو وڵات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی گرنگ لە نێوان عێراق و بەنگلادیشدا واژۆ کران؛ یەکەمیان: تایبەتە بە لێخۆشبوونی دوولایەنە لە وەرگرتنی ڤیزای چوونەژوورەوە بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و فەرمی لە هەردوو وڵاتدا.

دووەم یاداشتی لێکتێگەیشتنی: تایبەتە بە دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی راوێژ و گفتوگۆی سیاسیی خولی و بەردەوام، بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکارییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوبەشیی نێوان هەردوو دەوڵەت.