هۆڵەندا پشتیوانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە
شاندێکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا لایەنی هۆڵەندی بەردەوامیی پشتیوانییەکانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و هاوکات لێکەوتە ئەمنییەکانی شەڕی ناوچەکە لەسەر هەرێم خرانە بەرباس.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد و لەگەڵ بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەرپرسی بەشی سیاسەتی ئاسایش لە وەزارەتی دەرەوە و جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا کۆبووەوە.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم سوپاسی حکوومەتی هۆڵەندای کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی، بەتایبەت رۆڵیان لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی هۆڵەندا دڵنیاییان دا لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و ستایشی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکیوەزیرانیان کرد لە پەرەپێدانی چاکسازییەکان و پاراستنی سەقامگیری.
لە تەوەرێکی سەرەکیدا، دلاوەر ئاژگەیی روونکردنەوەیەکی وردی لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و ئاشکرای کرد کە تا ئێستا زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی و ماددی و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ناوچەکە. هاوکات لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و جەخت لەسەر پێویستیی یەکلاکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە. هەروەها بەرپرسانی هۆڵەندا بە بایەخەوە باسیان لە رۆڵی ئەرێنیی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هێورکردنەوەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان لە سووریا و هاوکاریکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم داوای کرد هۆڵەندا پشتیوانیی سیاسیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان چڕتر بکاتەوە، هاوکات هانی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی وڵاتەکەی بدات تا لە بوارە جیاوازەکاندا وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.