مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە راگەیەندرا

ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی 12ـەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بەردەوامن، زیاتر لە 550 بەشداربوو بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و بڕیارە چالاکییەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت، هاوکات قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ژمارەیەک مەرج و رێنمایی تەندروستیی بۆ بەشداربووان راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ستار مەحموود، گوتەبێژی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند” ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار لە قۆناخی کۆتاییدان و بڕیارە رۆژی 28ـی تشرینی یەکەم دەست پێ بکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت و 552 کەس بەرهەمەکانیان لە کەپرەکاندا نمایش دەکەن.

سەبارەت بە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام چاودێریی پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەکەین و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی لەسەر هێڵین، ئەگەر پێشبینیی بارانبارین بکرێت، لە پێناو بەرژەوەندی و سەلامەتیی گەشتیاران و بەشداربووان، بە دڵنیاییەوە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە دەگۆڕدرێت.

دەربارەی رێگاوبان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، ستار مەحموود باسی لەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمەیە تا ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبێت

گوتیشی: لەگەڵ کۆمپانیایەکی گواستنەوە هەماهەنگی کراوە بۆ ئەوەی لە دەروازەی شارەوە و لە شوێنی دیاریکراوی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان، بە پاس سەردانیکەران و گەشتیاران بگوازرێنەوە بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و دروستنەبوونی جەنجاڵی لە شەقامەکانی ناوشاردا.

لە لایەکی دیکەوە، لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ئاگادارییەکیان ئاراستەی سەرجەم بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کردووە و داوا دەکەن پابەندی ئەم مەرج و رێنماییانە بن:

پابەندبوون بە پاکوخاوێنیی گشتی و بەکارهێنانی دەستکێش و کڵاو.
بەکارهێنانی عەلاگەی گەورە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان و پاراستنی ژینگەی پارکەکە.
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مەنجەڵی فافۆن (بەتایبەتی بۆ لێنانی شلە) و بەکارهێنانی مەنجەڵی ستیل (ستەینلێس ستیل).
بەکارنەهێنانی لیمەندۆزی لە خواردنەکاندا و باشترە کەوچکی تەختە بەکاربهێنرێت.
دەرهێنانی کارتی تەندروستی.
ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بۆ ئەو بەشداربووانەی خواردن ئامادە دەکەن، بە مەبەستی دڵنیابوون لە باری تەندروستییان، وەک پشکنینەکانی: (GSE ،HBS Ag ،Anti HCV ،Anti HIV "ئایدز" و VDRL).
هێنانی وەسڵی فەرمیی کڕینی گۆشت لە شوێنی باوەڕپێکراو.
قائیمقامیەتی هەڵەبجە جەختی کردووەتەوە کە هەر بەشداربوویەک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵا، کەپرەکەی لێ وەردەگیرێتەوە، لە فێستیڤاڵەکە بێبەش دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە یەکێکە لە گەورەترین رووداوە کشتوکاڵی و کولتوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە وەرزی پاییزدا لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە رێکدەخرێت. ئەمساڵ 12ـەمین خولی بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکی گرنگە بۆ جووتیاران بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمە پاییزەییەکان، بەتایبەتی هەنار کە بەرهەمێکی ستراتیژی و ناوبانگی ناوچەکەیە.

پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێتە دووریی 83 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لە 13ـی ئاداری 2014 بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک چوارەمین پارێزگای هەرێم راگەیەندرا، لە 14ـی نیسانی 2025ـیشدا پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا و بە فەرمی وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق ناسێنرا.