دانا تەقیەدین: چارەنووسی 22 دەستبەسەرکراوی دۆسیەی لالەزار نادیارە
سێ لە سزادراوانی دۆسیەی لالەزار رەوانەی چاکسازی کران و بڕیارە داواکاریی ئازادکردنی بەمەرجیان بۆ پێشکەش بکرێت، لە کاتێکدا 22 دەستبەسەرکراوی دیکە کە لاهور و پۆڵاد جەنگیشیان تێدایە، زیاتر لە ساڵێکە بەبێ دادگاییکردن لە گرتووخانەکاندا راگیراون.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی گیراوانی لالەزار بە کوردستان24ی راگەیاند؛ سێ لە سزادراوانی کەیسەکە، ئاراس حەمەعەلی، رەمەزان حوسێن و مینا محەمەد کە بەپێی ماددەی 56 سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، ئەمڕۆ بە مەبەستی تەواوکردنی ماوەی سزاکەیان رەوانەی چاکسازیی گەوران کران، هاوکات بڕیارە سبەی لە هەولێر و سلێمانی داواکاری بۆ ئازادکردنی بەمەرجیان پێشکەش بکرێت.
ئەو پارێزەرە ئاشکراشی کرد، 22 دەستبەسەرکراوی دیکەی دۆسیەکە کە بەپێی ماددەی 406 بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست راگیراون و لاهور جەنگی و پۆڵاد جەنگیشیان تێدایە، ماوەی ساڵێک و سێ مانگە لە گرتووخانەکانی ئاسایش و کانی گۆمە دەستبەسەرن و تا ئێستا دادگایی نەکراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی لەنێوان 46 بۆ 64 سکاڵای تایبەتی لەسەر دۆسیەکە تۆمار کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دادگاییکردنی ئەو دەستبەسەرکراوانە دیاری نەکراوە.