ئەمریکا: سزاکانی نەوتی رووسیا نەگۆڕاون

هەردوو وەزیری گەنجینە و وزەی ئەمریکا بە توندی دەنگۆی هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی رووسیا رەت دەکەنەوە و داکۆکی لە هەڵوێستی واشنتن دەکەن؛ هاوکات وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هێرشێکی توند دەکاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و سەرۆکی ئۆکرانیا، و رایدەگەیەنێت ئەوروپییەکان 10 هێندەی ئەمریکا شتومەکی رووسی دەکڕن و پارەی مەکینەی جەنگیی پووتین دابین دەکەن.

یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، لە دوو لێدوانی جیاوازدا، بەرپرسانی باڵای کەرتی دارایی و وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەڵامی ئەو رەخنانەیان دایەوە کە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی سووتەمەنیی رووسیادا ئاراستەی کۆشکی سپی دەکرێن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، رەتیکردەوە هیچ دەستکارییەکی سزاکان کرابێت و گوتی: سەرجەم ئەو کۆتوبەندانەی ئەمریکا بەسەر نەوتی رووسیادا سەپاندوونی کاران و هیچ سزایەکمان لەسەر نەوتەکەیان سووک نەکردووە.

رایت روونی کردەوە کە تەنیا لێخۆشبوون لە چوارچێوەی هەندێک باری سووتەمەنیی دیزڵدایە، بەڵام سزاو سنووردارکردنە سەرەکییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر مۆسکۆ بە ئامانجی ناچارکردنی بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

هاوکات سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی، بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستی دەوڵەتانی ئەوروپا گرت سەبارەت بە رێککەوتنی دیزڵ لەگەڵ رووسیا و رایگەیاند: لە رۆژی هەینیدا هیچ سزایەک لەسەر رووسیا لانەبراوە، بەڵکو تەنیا ماوەیەکی 60 رۆژە دانراوە بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی سزاکان لەسەر کەرتی دیزڵ.

بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە لە مێژوودا هیچ کەسێک وەک ترەمپ بەرامبەر مۆسکۆ توند نەبووە، ئەویش بە سەپاندنی سزای قورس بەسەر دوو گەورەترین کۆمپانیای وزەی رووسیادا.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رەخنەی لە دووفاقیی هەڵوێستی ئەوروپییەکان گرت و گوتی: ئەوروپییەکان زیاتر لەوەی هاوکاریی ئۆکرانیا بکەن، پارە دەدەنە ڤلادیمیر پووتین و لە بەکارهێنانی بڕێکی زۆری وزەی رووسیا بەردەوامن. ئەوان پارەی ئامێری جەنگیی رووسیا دابین دەکەن و 10 هێندەی ئەمریکا کاڵای رووسی هاوردە دەکەن، لە کاتێکدا هاوردەی ئەمریکا تەنیا چوار ملیار دۆلارە کە بەشێکی زۆری پەینی کشتوکاڵییە. هەروەها باسی لەوە کرد کە کاتێک لە مانگی ئایاری رابردوودا بەریتانیا سزاکانی سەر دیزڵ و سووتەمەنیی فڕۆکەی مۆسکۆی سووک کرد، کەس دەنگی لێوە نەهات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بێسێنت رەخنەی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گرت بەوەی هیچ کات رەخنە لە هاوبەشە ئەوروپییەکانی ناگرێت، و هۆشدارییەکی توندیشی پێدا سەبارەت بە لێدوانەکانی لەسەر راگرتنی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەلایەن واشنتنەوە و گوتی: پێویستە سەرۆکی ئۆکرانیا زۆر ئاگاداری ئەو قسانە بێت کە دەیکات، چونکە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە.