پڕۆژەی رووناکی؛ پسووڵەی 50 هەزار هاوبەش خرایە ناو داشکاندنی 50%
پڕۆژەی رووناکی زنجیرەیەک ئاماری نوێی لەبارەی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆی گشتیی لێخۆشبوونەکانی پڕۆژەکە گەیشتووەتە نزیکەی نیو تریلیۆن دینار، هاوکات بڕیاری دا بە خستنەناوی پسووڵەی 50 هەزار هاوبەشی نوێ بۆ ناو بڕیاری داشکاندنی 50% و هۆشداریش دەدات کە دەرفەتی سوودمەندبوون تەنها تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەشەوی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و وەک بەشێک لە کارئاسانییە بەردەوامەکان، بڕیار دراوە بە گواستنەوەی پسووڵەی مانگانەی 50 هەزار هاوبەشی پڕۆژەی رووناکی بۆ سەر "قەرزی کۆن"، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە 20 ملیار دینار، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی ئەو هاوبەشانەش بخرێنە ناو بڕیاری داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی کارەبا.
پڕۆژەی رووناکی داوا لە هاوبەشان دەکات، ئەمڕۆ لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی فەرمیی (ئی-پسووڵە / E-Psoola) سەیری هەژمارەکانیان بکەن؛ ئەگەر قەرزی کۆن لە هەژمارەکەیاندا دەرکەوتبێتەوە، ئەوە مانای ئەوەیە پسووڵەی مانگانەکەیان گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرزی کۆن بۆ ئەوەی داشکاندنی 50% بیانگرێتەوە، هەروەها لە رێگەی کورتەنامەشەوە هاوبەشان لەم کارئاسانییە ئاگادار دەکرێنەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم بڕیارە تەنها ئەو هاوبەشانە دەگرێتەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پسووڵەیان بۆ نەدەچووەوە و ئێستا پسووڵەی کەڵەکەبوویان بۆ دەرچووە، تاوەکو ئەوانیش لەم دەرفەتە بێبەش نەبن.
پڕۆژەی رووناکی چەند ئامارێکی فەرمیی لەبارەی لێخۆشبوون لە قەرزەکانی کارەبا خستەڕوو:
کۆی گشتیی لێخۆشبوونەکان: لە سەرەتای پڕۆژەکەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو تریلیۆن دینار بووە.
هەڵمەتەکانی حکوومەت: کۆی گشتیی لێخۆشبوون لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەردوو هەڵمەتەکەی پێش پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتووەتە نزیکەی 400 ملیار دینار.
ژمارەی سوودمەندان: نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەش لە هەردوو هەڵمەتەکەدا لە داشکاندنی قەرزی پێش ڕووناکی سوودمەند بوون.
ئاماری ئەمڕۆ: تەنها لە ئەمڕۆدا زیاتر لە 40 هەزار هاوبەش سوودمەند بوون و بڕی لێخۆشبوونەکەش زیاتر لە 15 ملیار دینار بووە و ژمارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە.
ڕێژەی هاوبەشانی بێ قەرز: نزیکەی 65%ـی هاوبەشان لە هەرێمی کوردستان هیچ قەرزێکیان لەسەر نەماوە، زۆرینەی ئەوانەشی قەرزیان ماوە، بڕەکەی لە 150 هەزار دینار کەمترە.
پڕۆژەی رووناکی جەختی کردووەتەوە کە هاوبەشان تەنها تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەوی ئەمڕۆ کاتیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی پارەی قەرزەکانیان بدەن و لە داشکاندنی 50% سوودمەند ببن.
هۆشداریش دەدات، هەر هاوبەشێک تا نیوەشەو سوود لەم دەرفەتە وەرنەگرێت و قەرزەکەی پاکتاو نەکات، ئەوا قەرزەکەی دەکرێتە قیستی مانگانە لە 6 تاوەکو 24 مانگ بەپێی جۆری هاوبەشەکە، و چیتر داشکاندنی 50% نایانگرێتەوە.