دانا تەقیەدین: هەر 25 سزادراوەکەی لالەزار گواسترانەوە بۆ چاکسازیی گەوران
ئەندامێکی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی گیراوانی لالەزار رایگەیاند: هەر 25 سزادراوەکەی لالەزار بە ماددەی 406 راگیراون و گواستراونەتەوە بۆ چاکسازیی گەوران.
یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی گیراوانی لالەزار، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ 25 کەس لە گیراوانی لالەزار رەوانەی چاکسازی گەوران کراون، لەو ژمارەیە سێ کەسیان بە پێی ماددەی 56 حوکمدراون، 22 کەسی دیکەیان بە پێی ماددەی 406 راگیراون.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کەسوکاری لاهوری شێخ جەنگی لەکاتی سەردانی بەندیخانە بە بڕیارەکەی دادگایان زانیوە.
ئەو ئەندامەی دەستەی پارێزەرانی دۆسیەی گیراوانی لالەزار، گوتی: سێ لە سزادراوانی کەیسەکە، بە ناوەکانی: ئاراس حەمەعەلی، رەمەزان حوسێن و مینا محەمەد، کە بەپێی ماددەی 56 سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، بڕیارە سبەی لە هەولێر و سلێمانی داواکاری بۆ ئازادکردنی بە مەرجیان بۆ پێشکەش بکرێت.
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران، لەو کاتەوە لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.